کێبڕکێی تاقیگەکانی جیهان بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دەستی پێکردووە

چەندین وڵاتی پێشەنگی جیهان لە بەرهەمهێنانی دەرمان، هەوڵ و تەقەلاکان بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەست پێکردووە. لەم رۆژانەی دواییشدا، هەواڵ و ئاماژەی دڵخۆشکەر بڵاو دەکرێنەوە بۆ چارەسەرە سەرەتاییەکان بۆ ئەم پەتا جیهانییە.

دوابەدوای گەیشتنی ڤایرۆسەکە بە چەند وڵاتێک و ڕاگەیاندنی باری لەناکاو و داخستنی سنوورەکان بەڕووی یەکتردا، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی پێکوتەیەک بووە بابەتی سەرەکی حکومەتی وڵاتان.

ئەوروپا

ئەڵمانیا ئاشكرایکرد تەواوی هێزو توانای تاقیگەکانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک دەخەنەگەڕ، چاوەکان لەسەر ئەڵمانیا چڕ بوونەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەوپێیەی کۆمپانیای کیورڤاکی ئەڵمانی کە تایبەتە بە بواری تەکنەلۆجیای دەرمان و لەماوەی ڕابردوودا چارەسەری زۆربەی ڤایرۆسەکانی دۆزیوەتەوە لە ڕابردوودا، ڕایگەیاندبوو بەمزووانە ڤاکسینێک بۆ کۆرۆناش دەدۆزێتەوە.

هەرزوو ئیدارەی کۆشکی سپی پێشنیازی بۆ کۆمپانیاکە کرد ئەو چارەسەرەی دەیدۆزێتەوە بە ئەمریکای بفرۆشێت، بەڵام ئەو هەنگاوە بووە جێی نیگەرانی حکومەتی ئەڵمانیاو سەرکۆنەی ترامپ و دەستوپێوەندەکانی کرد کە دەیانەوێت دەستکەوتی ئەڵمانیەکان بۆخۆیان بەرن.

لە شاری لیۆنی فەرەنساش تاقیگەی ڤیر پاس ڕایگەیاند بە هەموو توانای خۆیەوە لەهەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکن بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کاتێکدا ئێستا هەزارو ٥٠٠ چارەسەی بۆ نەخۆشییە جۆراو جۆرەکان خستووەتە بازاڕەوە.

لەناو ئیتاڵیاش ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەربڵاو تەشەنەی کردووە، هەریەک لە کۆمپانیای تاکیس و ئیفیڤاکس کە تایبەتن بە پێشخستنی بواری بیناسازی و ڤاکسین، بڕیاریاندا پێکەوە پلانێکی هاوبەش دابڕێژن بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینێکی دژە کۆرۆناو لەوچوارچێوەیەشدا ئێستا لە هەوڵدان بە سوود وەرگرتن لە پلازمای ناو خوێنی چاکبووانی کۆرۆنا ڤاکسینێک بدۆزنەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی دەرمان لە ئەمریکا لە هەوڵی پێشخستنی ڤاکسینێكن بۆ کۆرۆنا، ڕۆژی یەکشەممە بە فەرمی دەستیان بەو هەنگاوە کردو چەند خۆبەخشێک ئامادەییان نیشاندا ڤاکسینەکە لەسەر جەستەیان تاقی بکرێتەوەو چاوەڕێ دەکرێت ئەنجامەکان لەماوەی مانگێک یان زیاتردا ڕابگەیەنرێن.

ئوسترالیا

پسپۆڕان و زانایانی ئوسترالیا لە شاری بریزبن هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا دەستپێکردووەو ڕایانگەیاندووە کە ئەو هەنگاوە درێژخایەن دەبێت و تێچووی زۆریان پێویستە.

پێشتر لەم وڵاتەدا چارەسەری مەلاریا دۆزرایەوە، چارەسەری پێویستی ئەیدزیش هەر لەم وڵاتە پەرەی پێدرا، لە ئێستاشدا هەوڵەکان لە تاقیگەکان بۆ چارەسی کۆرۆنا دەستیان پێکردووەو بەپێی پێشبینی زاناکی ئەو وڵاتەش لەماوەی سێ مانگدا ڤاکسینەکە ئامادە بکەن یان هەر لەو ماوەیەدا بگەنە بنبەست، بۆ ئەو مەبەستەش مەزەندەی ٧٥٠ هەزار دۆلاریان کردووە وەک تێچووی ئەو هەوڵانە.

لە هەریەک لە وڵاتانی کەنەدا و ئسرائيلیش هەوڵەکان دەستیان پێکردووە، لە ئیسرائیل ٥٠ زانا پێکەوە دەستیان بە دۆزینەوە پێکوتەیەک کردووە، بەڵام دیار نییە هەموو ئەو هەوڵانە لەماوەی چەندی تردا دەگەنە ئەنجام و ڤایرۆسەکەش تا ئەوکاتە چەند هەزار کەس دەکاتە قوربانی.

سەرچاوە:رۆژ نیۆز

ز.ش