کەمامە زیانێکى گەورە بە سروشت دەگەیەنێت

بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بەکارهێنانی کەمامە زۆر زیادیکردووە، بەڵام بەکارهێنانى کەمامە و ماددەکانى تری خاوێنکردنەوە زیانێکى زۆر بە سروشت دەگەیەنن.

بەهۆی بڵاوبوونەوەى پەتای کۆرۆنا بەسەرتاسەری جیهاندا بەکارهێنانی کەمامە زۆر زیادیکردبوو، بەڵام لە ئێستادا کە رێوشوێنەکانى دژ بە کۆرۆنا خاو دەکرێنەوە هاووڵاتییان لە شوێنە گشتییەکان و لە ناو هۆیەکانى گواستنەوەدا کەمامەی زیاتر بەکار دەهێننین.

 گەرچی ئامارێکى روون لەبارەى بەکارهێنانى کەمامە لە رۆژێکدا لەسەرتاسەری جیهاندا لەبەردەستدا نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت رۆژانە زیاتر لە یەک ملیار کەمامە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەکار بهێنرێن.

هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی کەمامە، کەلوپەلەکانى تری خاوێنکردنەوە و پاکژکردنەوە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەکاردەهێنرێن و ئەگەر هاووڵاتییان لەبەکارهێنانیاندا هۆشیار و هەستیار نەبن، زیانێکى زۆر بە ژینگە دەگەیەنن.

رێکخراوە تەندروستییەکان رایدەگەیەنن، کەمامە، دەستکێش و کەلوپەلەکانى تری خۆپاراستن و خاوێنکردنەوە دەبێت راستەوخۆ فڕێبدرێنە زبڵدانەکانەوە، چونکە لە ئێستادا ئەستەمە ئەو کەلوپەلانە دووبارە بکرێنەوە بە کاڵای نوێ.

ماددە سەرەکییەکانى کەمامە، دەستکێش، کەلوپەلەکانى تری خۆپاراستن و تەنانەت بەشێکی زۆر لە ماددە پاککەرەوەکان لە نەوت و لە رێگەى پرۆسەی پترۆکیمیاوییەوە دروست دەکرێن، ئەگەر کەمامەکان و ئەو کەلوپەلانەى تر بە شێوەیەکى دروست فڕێنەدردێن، ماددە پێکهێنەرەکانى بۆ ماوەى ٤٥٠ ساڵ لە ناو ژینگەدا دەمێننەوە و دوای ئەو ماوە زۆر ئینجا لە ناو دەچن.

ژ.ت