یونان بە دروستکردنی کامپی نوێ گەڕانەوەى پەنابەران خێراتر دەکات

لە یونان قەیرانى پەنابەران رووی لە زیادبوون کردووە و حکومەت بۆ ئەوەى لە ژمارەیەکى زۆر لە دوورگەکاندا کامپی نوێ بۆ پەنابەران دروست بکات دەستی بە جموجوڵ کردووە.

بەپێى راگەیاندراوی کیریاکۆس میچۆتاکیس سەرۆک وەزیرانی یونان، ژمارەیەکی زۆر ناوەندی پێشوازیکردن لە پەنابەران لە دورگەکاندا دادەخەن و لە بریى ئەوانە ناوەندی نوێ دروست دەکەن.

ژمارەی ئەو پەنابەرانەى لە تورکیاوە پەڕیونەتەوە بۆ یونان لە ساڵی رابردوودا زیادیان کردووە. لە ساڵی ٢٠١٨دا نزیکەى ٥٠ هەزار پەنابەر لە تورکیاوە پەڕیبونەوە بۆ یونان و لە ساڵی ٢٠١٩دا ٧٤ هەزار پەنابەر لە تورکیاوە پەڕیونەتەوە بۆ یونان.

ئامانجی سەرەکی لە دروستکردنی ناوەندی نوێی پێشوازیکردن لە پەنابەران بۆ ئەوەیە داواى پەنابەریی پەنابەران بە خێرایى وەڵام بدرێنەوە. بەهۆی زۆربوونی داواى پەنابەری، ناوەندەکانى ئێستا ناتوانن وەڵامدەرەوە بن و لەو کامپانەشدا هەلومەرجی ژیان و گوزەرانى پەنابەران زۆر قورس بووە.

حکومەت لەسەرەتای مانگی ئاداردا دەست بە دروستکردنی ناوەندە نوێکان دەکات و لە ماوەى ٣ مانگ دا تەواویان دەکات و دەیانەوێت بە لانیکەمەوە لە هەر هەفتەیەکدا ٢٠٠ پەنابەر بۆ تورکیا بگەڕێننەوە.

ژ.ت