یونان: تاوەکو کەشتییە تورکییەکان نەکشێنەوە قەیرانەکە کۆتایی پێنایەت

وەزارەتی دەرەوەى یونان بانگەشەی دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ تورکیا رەتکردەوە و جارێکیتر رایگەیاند، ئەوان لەسەر مەرجی کشانەوەى هەموو کەشتییە جەنگییەکانی ئەنقەرە سازش ناکەن.

یەنس ستۆلتینبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ دوێنی لە پۆستێکدا لە تویتەر بانگەشەی ئەوەی کردبوو، لەبارەى ئەو ئاڵۆزییانەوە، کە بەهۆی کارە ئاژاوەگێڕییەکانی دەوڵەتی تورک لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی لە نێوان یونان و تورکیادا روویانداوە، دەست بە دانوستان دەکرێت.

بەڵام حکومەتی یونان ئێوارەی دوێنێ بە بڵاوکردنەوەی راگەیاندراوێک قسەکانی ستۆلتینبێرگی بە درۆ خستەوە. لە راگەیاندراوەکەى وەزارەتی دەرەوەى یونان دا لەبارەی راگەیاندراوەکەى ستۆلتێنبێرگ دا هاتووە "ئەو زانیارییەى ناتۆ لەبارەى چاوپێکەوتنی تەکنیکییەوە راست نییە".

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە کارە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە لە ناوچە دەریاییەکانی یونان کراوە و ئەوەش خراوەتەڕوو "ئێمە کارەکانی سکرتێری گشتیی ناتۆ  لەبارەى دانوستان بۆ کەمکردنەوەى ئاڵۆزییەکان یادداشت دەکەین، بەڵام سەرباری ئەوەش ئاڵۆزییەکان تەنها بە کشانەوەى کەشتییەکانی تورک لە ناوچە دەریاییەکانی یونان کەم دەبنەوە".

حکومەتى تورک لەم مانگانەى دوایدا بە بەردەوامی لە دژی یونان کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەى ئەنجامداوە و دوایین کاری تێکدەرانەشی لە ١٠ی ئاب دا بوو، کە کەشتیی لێکۆڵینەوەى بە ناوی ئۆروچ رەیس بردە ناو کەشتییە جەنگییەکانی لەسەر سنووری دەریایی یونان. ئەو ناوچەیە سەرچاوەی سروشتیی گاز و نەوتی تیادایە و دەوڵەتى تورک دەیەوێت تاڵانیان بکات. ئەو هەوڵە تاڵانکارییەی دەوڵەتى تورک لە کاتێکدایە، کە دوورگەی کاستیلۆریزۆ هی وڵاتی یونانە، بەڵام کەشتییە تورکییەکان هەموو رۆژێک بەو ناوچەیەدا دەسوڕێنەوە.

هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەى ئاڵۆزییەکان تورکیا لە گەڵ ئەمریکا و هەروەها لەگەڵ رووسیاشدا مانۆڕی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامدا. فەرەنسا و ئیتالیا و قوبرس-یش لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی یونان دەستیان بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی کردووە.

ژ.ت