یەکێک لە کێشە گەورەکانی جیهان پیربوونی دانیشتووانە

کۆبوونەوەی باڵای گرووپی (G20) کە لە رۆژانی ٢٨-٢٩ حوزەیران/ ٧-٨ی پووشپەڕ لە ژاپۆن بەڕێوەدەچێت. کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و پیربوونی دانیشتوان لەو لوتەکەیدا دەخرێنەڕوو و دەبنە بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە.

ژاپۆن میوانداریی کۆبوونەوەی باڵای گروپی (G20) دەکات کە لە فوکوۆکا بەڕێوەدەچێت. ژاپۆن دەیەوێت بەشێوەیەکى تایبەت بابەتی پیربوونی دانیشتوانی جیهان هەڵبسەنگێندرێت. ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتە سەرەکیانە، کە نیگەرانە لە پیربوونی دانیشتوان، چونکە کاتێک دانیشتوانی جیهان پیر ببن هەم تێچوونی تەندروستی بەرز دەبێتەوە و هەم دەستی کاریش کەم دەبێتەوە.

ژاپۆن بابەتی پیربوونی حەشیمەتی جیهان دەخاتەڕوو، چونکە چارەکی دانیشتوانی ١٢٧ ملیۆن کەسیى ژاپۆن لەو کەسانە پێکهاتووە، کە تەمەنیان سەرووی ٦٥ ساڵە. پێشبینی دەکرێت کە حەشیمەتی سەرووی ٦٥ ساڵ تاوەکو ساڵی ٢٠٥٠ بگاتە نزیکەی ٤٠%ی کۆی دانیشتوانى ژاپۆن.

بەپێی قسەکانی سکرتێری گشتیی دامەزراوەی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD) ئانجێل گوریا، کە بەشداریی کۆبوونەوەکانی پێش کۆبوونەوەی باڵای گرووپی (G20)ی لە ژاپۆن کرد، پیربوونی دانیشتووان پەیوەندیی بە هەموو وڵاتانی جیهانەوە هەیە، بەڵام بە تایبەتیتر کێشەی وڵاتانی گرووپی (G20)ە.

لە ژاپۆن، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ئیسپانیا، کۆریای باشوور و فەڕەنسا  لە ئێستادا کەسانی سەرووی ٦٠ ساڵی ٢٥% رێژەی دانیشتوانیان پێکدەهێنن، بەڵام لە ٢٠ ساڵی داهاتوودا ئەو رێژەیە بەرز دەبێتەوە بۆ  سێیەک یان دوو لەسەر پێنج. لەو وڵاتانە تازە پێشکەوتووەکانیش بە هۆی بەرزبوونەوەی تێچوونی خانەنشینی و تەندروستی، پێشبینی دەکرێت ئەو کێشەیە رێگە لەبەردەم کێشەی جدی ئابووری بکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی (OECD) لە ٧.٥  ملیار دانیشتوانی جیهان کەسانی سەرووی ٦٠ ساڵ ژمارەیان یەک ملیار کەسە و  پێشبینی دەکرێت ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٥٠ دا بگاتە زیاتر لە ٢ ملیار کەس.

وێرای کورتهێنانی بودجە، بەهۆی سیستمی تەندروستی و خانەنشینبوون، کورتهێنان لە بازاڕی کاریش روودەدات. بۆ ئەوەش ژاپۆن وەکو نمونە نیشان دراوە، کە خاوەن سێیەمین بەهێزترین ئابووریی جیهانە. لە ژاپۆن رێژەی بێکاریی نزیکەی ٢%. بەپێی داتاکانی مانگی نیسان بۆ ١٦٤ هەلی کار، تەنیا ١٠٠ کەس سەردانیان کردووە. واتە ئەگەر رێگا بە رووی کۆچبەران دا نەکرێتەوە ئەوا قورس دەبێت، کە بتوانرێت بۆشایى دەستی کار پڕ بکرێتەوە.

زۆربوونی بۆشایى و پڕنەکردنەوەى هەلی کار کاریگەرییەکی گەورە لەسەر گەشەی ئابووری دەبێت، بۆیە پێش هەموویان لە ئەوروپا چەندین وڵات پێویستیان بە کۆچبەران دەبێت. یەکێک لەو بابەتانەی کە لە کۆبوونەوەی باڵای (G20)دا هەڵدەسەنگێندرێت ئەوەیە، زیاتر لە خزمەتکردنی کەسانی بەساڵاچووان دا باس لەسەر بەکارهێنانی سیستمی رۆبۆت دەکرێت.

ر.م