'با عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو زیندانیان ئازاد بکرێن'

ئەنجامنامەی کۆنفڕانسی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، ئاٍتی و سەقامگیری بۆ جیهان' کە لە کەیپ تاونی پایتەختی ئەفریقای باشور بەرێوەچوو، ئاشکرا کرا. کۆنفڕانسەکە داوای ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم زیندانیانی کرد.

لە ئەنجامنامەی کۆنفڕانسەکەدا هاتووە کە رێگرییکردن لە دیداری رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە، ئەوەش بەواتای پێشێلکردنی یاسای نێونەتەوەییە و هەروەها هاتووە: "هەلومەرجی گرتن لە تورکیا بە هۆی ئەوەی لە دژی بنەمای لانیکەمی ستانداردەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانیانە (بنەماکانی نێلسۆن ماندێلا) ئێمە داوا لە حکومەتی تورک دەکەی نکە دەستبەجێ ئاسانکاری بۆ دیداری بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و پارێزەران و بنەماڵەکەی بکات".

لە ئەنجامنامەکەدا ئاماژە بەوەکرا کە ئازادکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گرنگە و داوا لە حکومەتی تورک کرا کە دەستبەجێ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو زیندانیان ئازاد بکات.

لە ئەنجامنامەکەدا هەروەها داوا لە حکومەتی ئەفریقای باشور، ئەی ئێن سی دەسەڵاتدار و رێکخراوە سیاسی و پێشکەوتنخوازەکان کرا کە لەتێکۆشان بۆ ئازادی، شکۆ، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤدا پشتیوانی لە گەلی کورد بکەن.

کۆنفڕانسەکە داوای لە حکومەتی ئەفریقای باشور، پارتی کۆمۆنیستی ئەفریقای باشور و سەندیکای کرێکارانی ئەفریقای باشور و هەموو پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان کرد کە گوشار بخەنە سەر حکومەتی سوریا بۆ ئەوەی لەگەڵ گەلی کورددا دەست بە دیدار بکات.

لە ئەنجامنامەی کۆنفڕاسەکەدا باس لە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستانیش کرا و ئەو بابەتە راگەیەندرا: "ئێمە داوا لە هەموو رێکخراوەکانی پشتیوان و حکومەتی ئەفریقای باشور دەکەین کە گوشار بخاتە سەر حکومەتی تورکیا بۆ ئەوەی هێرشەکانی بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا  و هەرێمی کوردان لە باکوری عێراق رابگرێت، ژیانی مەدەنییەکان نەخاتە مەترسییەوە و لەو ناوچانە بنکە و بارەگای سەربازی دروست نەکات".

هـ . ب