بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەفەرمیی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند

بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە وتارێکدا بەفەرمیی دەستلەکارکێشانەوەی لە هەردوو پۆستی سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕاگەیاند، وتیشی: تا دیارییکردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ حکومەت بەڕێوە دەبەم.

ئەمڕۆ بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا بەفەرمیی دەستلەکارکێشانەوەی ڕاگەیاند و وتی: لەم قۆناغەدا پارتەکەم پێی باشبوو گۆڕانکاریی لە هەردوو پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پارتەکەدا بکرێت، منیش ڕێزی ئەو بڕیارە دەگرم.

وتیشی: لەم ساتەوە پرۆسەی دیارییکردنی کاربەدەستە نوێیەکان دەستپێدەکات، تا ئەوکاتەی سەرۆک وەزیرانی نوێ بەفەرمیی دەستبەکار دەبێت، من کاروبارەکانی حکومەت ڕایی دەکەم.
 

جۆنسن باسی لە پێداگریی خۆی بۆ مانەوە لە پۆستی سەرۆک وەزیران کرد و وتی: هۆکاری ئەوەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێداگرییم دەکرد لە مانەوەم لە پۆستەکەمدا، ئەوە بوو کە هەستم دەکرد ئەرک و کار و بەرپرسیارێتییەکانم کە لە ساڵی ٢٠١٩دا بەڵێنم پێ دابوون، پێویستە بەردەوام بم لە هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنیان.

ئەوەشی وت: پەشیمان لەوەی کە نەمتوانیوە بەباشیی هەڵسەنگاندن بۆ زۆربەی دۆخەکان بکەم و بڕیارەکان هەندێک کات لەجێی خۆیدا نەبوون، دڵنیام لەوەی ئەو کەسەی لەدوای من دێت هەوڵدەدات ئەم وڵاتە بەرەوپێش ببات و گەشەی زیاتری پێ بدات.

ف.ق