بەسێ ئەرزینجان: ئێمە پارێزەر و پێشەنگین

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەژەکە رایگەیاند، بە رێکخستنی خۆپاراستن و بەرخودانێکی گەورە پێشوازی لە ٢٥ی نۆڤەمبەر دەکەن. راشیگەیاند، هەم دەستکەوتەکانی ژنان دەپارێزن و هەم پێشەنگایەتی بۆ بونیاتنانی ژیانێکی ئازاد دەکەن.

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆمەڵەکانی ژنانى کوردستان (کەژەکە - KJK) بە بۆنەى ٢٥ی نۆڤەمبەر رۆژی بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژیی دژ بە ژنان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

بەسێ ئەرزینجان رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ٢١ ساڵە لە ئیمراڵی بەرەنگاری و خۆڕاگری دەکات و وتی، "هۆکاری گۆشەگیریی قورس لەسەر رێبەرمان ئەوەیە، کە سیستمی ژیانێکی ئەڵتەرناتیڤی ئازادیپارێزی ئافراندووە. لە نێوان کۆتایهێنان بە پاکتاوکردنی ژنان و ئازادیی رێبەرماندا پەیوەندییەکی بەهێز هەیە. هەڵمەتێک کە ئێمە بۆ ئازادیی رێبەرەکەمان بەڕێوەی دەبەین لە هەمان کاتدا هەڵمەتی ئازادیی ژنانە. رێبەرمان لە هەمان کاتدا رێبەری ئازادیی ژنانە. بۆیە تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادیی رێبەر ئۆجالان، تێکۆشانی ئازادیی ژنان بەرەو پێش دەبات".

گرنگیی تێکۆشانی هاوبەش

بەسێ ئەرزینجان باسی ئەوەیکرد، بۆ گەورەکردنی تێکۆشانی ئازادی بزووتنەوەى ژنان، دەبێت ئیدی هەموو رۆژێک وەک رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر لێکبدرێتەوە، لە ماڵ، لە شەقام، کارگەکان و هەموو گۆڕەپانەکەدا دەبێت لە دژی نزیکایەتیی پیاوی سەردەست بەرگری و بەرەنگاری بکەن.

بەسێ ئەرزینجان رایگەیاند، ژنان لەم کاتەدا ئەوەیان بینی هاوپەیمانیی ژنان لە ناو خۆیاندا و لەگەڵ هێزە دیموکراسییەکان چەند پێویستە، تێکۆشانی هاوبەش ناچارییە و وتی، "تێکۆشان بەرامبەر بە ناکۆکیی زایەند تەنها وەک کێشەى ژن نابینرێت، بەڵکو ئیدی وەک کێشەى هەموو کۆمەڵگە سەیر دەکرێت. ئێمە لە سەردەمێکداین، کە بەدواداچوون بۆ ئازادیی ژنان، گەلان و مرۆڤایەتی زۆر بەهێزە. بۆ ئەوەى ئێمە بتواننین سەدەی ٢١ بکەین بە سەدەی ئازادیی ژن، پێویستە ئێمە بە پێداگرییەوە و بە هیوایەکی گەورەوە کار بکەین و تێبکۆشین. دەبێت ئێمەى ژنان پشتبەستوو بین بە هێز، دەستپێشخەری و ئیرادەی خۆمان، رۆڵی خۆمان بۆ پێشەنگایەتی بە شێوەیەکی راست و پێویست بەجێبهێنین و لەو رێگەیەوە سەربکەوین. گرنگە ئێمە زیاتر لەوەی، کە هەیە تێکۆشانی یەکگرتووانە و رادیکاڵ بەڕێوەببەین و ئەنجامی بدەین".

بەسێ ئەرزینجان سەرنجی راکێشایە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلان، ژنان و هێزە دیموکراسییەکان و رایگەیاند، ژنان لە باکوور، رۆژئاوا، باشوور، رۆژهەڵات، شەنگال، مەخمور، هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، تورکیا، ئەوروپا و سەرتاسەری جیهان بە بەرخودانێکی گەورە و هەڵوێستی خۆپاراستنی وەڵامیان دایەوە.

ئەرزینجان رایگەیاند، دەوڵەتى تورک سەرباری هەموو هەوڵەکانی نەیتوانی یەک هەنگاو پاشەکشە بە ژنانی کورد بکات و تی، "ژنانی کورد بە ورەیەکی گەورەی ئازادییەوە، بە بەرخودان، پێداگری و بڕیارداری و ئیرادەیەکی بە هێزەوە پێشوازی لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ دەکەین".

دۆخی هەر چوار بەشی کوردستان

بەسێ ئەرزینجان باسی ئەوەیکرد، بزووتنەوەى ژنانی کورد لە باکووری کوردستان، لەگەڵ ژنانی گەلانی ئەرمەن، عەرەب، چەرکەس، رۆمی، رۆمان، تورک و هەموو گەلان و باوەڕەکان لە دژی فاشیزم بەرخودانێکی گەورەیان نیشاندا.

ئەرزینجان ئەوەشی راگەیاند، لە رۆژئاواش سەرباری هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک کار و تێکۆشانەکانی شۆڕشی ژنان بە بەهێزی بەڕێوەدەچێت و وتی، "بزووتنەوەى ژنانمان لە رۆژئاوا لە دژی داگیرکەری، گۆشەگیری و پاکتاوکردن بە رێکخستنکراوی و چالاکی پێکدێت. هەروەها کارەکانی یەکێتیی نەتەوەیی ژنان لەسەر بنەمای یەکسانیی ژنانی عەرەب، ئەرمەن، سوریان، چەرکەس، سوریەیی کاری شۆڕشگێڕیی بە جێهێناوە. ژنان خێراییان بە کارەکانیان بەخشیوە بۆ بونیاتنانی شۆڕشی ژنان".

ئەرزینجان لەبارەى ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە وتی، "ژنان لە دژی رژێمی ئێران بە بەهێزی خۆڕاگرییان کرد. ئێران لە دژی ژنان، گەلی کورد و گەلان و باوەڕەکان ناتوانێت بە شێوازی دەوڵەتی تورکی پاکتاوکار ئاسایشی خۆی بپارێزێت، دەبێت ماف و ئازادیی ژنان، گەلی کورد بە تایبەتیش هی یارسەکانەکانیش قبوڵ بکات".

لەبارەی ژنان لە باشووری کوردستان وتی، "ژنان لەم بەشەدا ناچارن رێکخستنی ژن پێشبخەن و خۆیان بکەن بە ئیرادە. دەبێت لە باشوور بە پێشەنگایەتیی ژنان قۆناغێکی دیموکراسی بەدی بێت. یەکێک لەو ناوچانە، کە توندوتیژیی دژ بە ژنان تیادا زۆرە، باشووری کوردستانە".

بەسێ ئەرزینجان رایگەیاند، ئەو کارەى کە دەبێت زۆر بۆ یەکێتیی نەتەوەیی کورد ئەنجام بدرێت ئەوەیە، کە دەبێت ژنان کاری بۆ بکەن و سەرنجی خستەسەر رۆڵی ستراتیژیی یەکێتیی ژنانی کورد لە باشوور لە بەرەوپێشبردنی یەکێتیی نەتەوەیی ژنانی کورددا.

دۆخی شەنگال

بەسێ ئەرزینجان لە بەردەوامیی وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد، "ژنانی شەنگال دوای فەرمان هۆشمەندیی خۆیان بۆ ئازادی، خۆرێکخستنکردنی خۆبەڕێوەبەر بە شێوەیەکی سەرکەوتانە بەجێدەهێنن. ژنانی شەنگال بۆ خۆبەڕێوەبەریی شەنگال بە بەهێزی کار دەکەن. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە سڵاو بۆ کارەکانی ئەمدواییەى ژنانی ئێزدی دەنێرین. دەبێت ژنانی ئێزدی بتوانن یەکێتیی خۆیان بەدیبهێنن، زۆر زیاتر بەشداری کاروبارەکانی یەکێتیی نەتەوەیی و یەکێتیی ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن".

بەسێ ئەرزینجان لەبارەی ژنانی کورد لە ئەوروپا سەرنجی خستەسەر کەمپەینی "١٠٠ هۆکار بۆ دادگایکردنی دیکتاتۆر".

بەسێ ئەرزینجان لەبارەی ژنانی گەریلاوە وتی، "ئەوان هێزی بنەڕەتی و بەڕێوەبەری بەرخودانمان بۆ ئازادی. گەریلاکان لەم سەردەمەدا بە تایبەتی لە حەفتانین و لەهەر چوار بەشی کوردستان بە شێوەیەکی فیداییانە شەڕی خۆپاراستن دەکەن".

"ئێمە بە رۆڵی پێشەنگایەتی هەڵدەستین"

بەسێ ئەرزینجان لە کۆتایی وتەکانیدا وتیشی، "ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە بە بەرخودانێکی گەورە و رێکخستنێکی خۆپاراستنی پێشوازی لە ٢٥ی نۆڤەمبەر دەکەین. بەو شێوەیە هەم ئێمە دەستکەوتەکانی ژنان بە بەهێزی دەپارێزین و هەمیش بۆ بونیاتنانی گۆڕەپانەکانی ژیانی ئازادی ئەڵتەرناتیڤ لە کوردستان، بە بانگەشە و بڕیارداری پێداگرییەوە پێشەنگایەتی دەکەین".

ژ.ت