بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی: دانوستانەكان لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە بن بەست

رافائل گەڕوسی رایگەیاند؛ ئێران وەڵامی پرسیارەكانی ئاژانسی لەمەڕ دۆزینەوەی سەرچاوەی ئۆرانیۆم كە لەسێ بنكەی ئەتۆمیی ئێراندا نەداوەتەوە.

دوابەدوای بێ چارەمانەوە لەنەبوونی رێگە چارەیەك بۆ بابەتە هەڵواسراوەكان لەدۆسیەی ئەتۆمی ئێراندا، رافائل گەڕوسی، بەرێوەبەری گشتی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی رایگەیاندوە؛ دانوستانەكان لەگەڵ ئێران بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی گەیشتووتە بن بەست.

گەڕوسی رۆژی سێ شەممە، 14ی حۆزەیران رایگەیاندوە؛ ئاژانس لەهەوڵدایە تا وەڵامێك لەسەر هەندێ لەراستیەكان لەئێراندا بداتەوە و لەم رووەوە رایگەیاندوە؛ ئاژانس وەڵامێكی بۆ پرسیار تەكنیكیەكانی پەیوەست بەچالاكیە ناوەكیەكانی ئێران وەرنەگرتووەتەوە.

رافائل راشیگەیاندوە؛ تا ئێستاكە ئێران وەڵامی سەرچاوەی ئەو ئۆرانیۆمەی لەسێ بنكەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەدا نەداوەتەوە و جەختی كردۆتەوە دەبێت ئێران لەم بابەتەدا وردەكاری روون و ئاشكرا بدا بەدەستەوە.

بەرپرسی گشتی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئەوەشی راگەیاندوە؛ ئێران لەم بابەتەدا هاوكاریمان ناكات، بەتایبەتی سەرچاوە بوونی ئەو ئۆرانیۆم، کە لەبنكە ئەتۆمییەکاندا دۆزراونەتەوە و هاوكاتیش ئەو كامێرایانەی لەبنكەكانی ئەتۆمیدا دانرابوون و بەشێكی گرنگ لەكاری چاودێری ئاژانس بوو، لەلایەن ئێرانەوە لابراون، و ئەمەش كاری چاودێری لەسەر چالاكیە ئەتۆمیەكانی ئێران لاواز دەكات و سنورێك بۆ ئاشكراكردنی راستیەكان دادەنێت.

وزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش داوا دەكات؛ چاوەڕوانی وەڵامێكین لەمەڕ بەرجام

وزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رۆژی سێ شەممە رایگەیاندوە؛ ئەمریكا چاوەڕوانی ولامێكی راستە لەلایەن ئێرانەوە لەسەر زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی كە لەساڵی 2015دا پێكهاتووە و دەست لە پرسەكانی تر كە پەیوەست بە بەرجامەوە نین، بەردات.

نێد پرایس وتەبێژی وزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندوە؛ ئێمە لە رێگەی پەیوەندی بەردەوام و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران لەسەر بەرجام لەرێگەی یەكێتی ئەوروپاوەوە بەردەوامین.

نێد پرایس راشیگەیاندوە؛ هەر كات ئێران بڕیاری سیاسی دا و داواكاری لەدەرەوەی بەرجامەوە نەكاتە رۆژەڤ، ئەوا ئێمە بەپەلە بەرەو رێككەوتن دەچین.

پرایس هاوكات راشیگەیاندوە؛ كاتی هەڵهاتنی ئێران بەرەو دروستكردنی چەكی ئەتۆمی" بەشێوەیەكی مەترسیدار زۆر كەمە".

ژ. ت