داعش لە موزەنبیق شارێکی داگیر کرد، پورتوگال سەرباز رەوانە دەکات

دوای ئەوەی چەتەکانی داعش بەرپرسیاری هێرشێکی لە ئەستۆ گرت، پورتوگال بریاریدا لەم هەفتەیەدا نزیکەی ٦٠ سەرباز بۆ موزەنبیق بنێریت.

ئۆگۆستۆ سانتۆس سیلڤا وەزیری دەرەوەی پورتوگال بۆ کەناڵی ئاڕ پی تی قسەی کرد و وتی، "تیمیکی نزیکەی ٦٠ کەسی سەربازانی وڵاتەکەی، ئامادەکراوە. ئەم هەفتەیە بۆ مۆزەنبیق رەوانە دەکرێت.

قسەکانی وەزیری دەرەوەی پورتوگال لە کاتێکدایە کە چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شاری پالمای باکوری موزەنبیق.

شەوی هەینی لەسەر شەممە، شاری بچولی پەراڤ کەوتە ژێر دەستی چەتەکانی داعش. هێرشەکە ٢٤ی ئازار ئەنجامدرابوو. بەپێی زانیاریەکان کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئاشکرایان کردووە، نزیکەی ١٠٠ چەتەی داعش سەرەتا هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی پالما و دواتر دەستیان بەسەر رۆژاڤا و باکوری ئەو شارەدا گرتووە. هێرشەکە لە سێ بەرەوە ئەنجامدراوە و بە هەزاران کەس ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە.

وڵاتانی رۆژئاوا لەبەرانبەر ئەم دۆخە نیگەرانن. شاری پالما دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی موزەنبیق و ١٠ کیلۆمەتر لە پرۆژەی غازی مێگا و کارگای تۆتاڵی فەڕەنسی دوورە.

سەربازان لە شارەکە کشانەوە و لەماوەی ٣ رۆژدا شارەکە کەوتە دەستی چەتەکانی داعش.

وەزیری بەرگری مۆزەنبیق شەوی یەکشەمە لێدوانێکیدا و رایگەیاند، بە دەیان هاوڵاتی کوژراون و زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتیش بێسەروشوێنن.

چەتەکانی داعش  لە هەرێمەکانی سەر سنوری تەنزانیا، ٣ ساڵە کاری چەتەگەری دەکەن و لەو ماوەیەدا هێرشی زۆر دڕندانەیان ئەنجامداوە.

ف.ق