فینلەندا و سوید شاندێک رەوانەی ئەنقەرە دەکەن

فینلەندا و سوێد کە دەوڵەتی تورک هەڕەشەی ڤیتۆرکردنی ئەندامیتی ناتۆی لێکردبوون، رۆژی چوارشەممە شاندێک بۆ ئەنقەرە دەنێرن.

پیکە هاڤیستۆ وەزیری دەرەوەی فینلەندا رایگەیاند کە وڵاتەکەی و سوید بۆ چارەسەری دژایەتی تورکیا شاندێک بۆ ئەنقەرە دەنێرن.

هاڤیستۆ لە پانێلی فرۆمی ئابوری جیهاندا لە داڤۆس قسەی کرد و وتی، " تێناگەین بۆ تورکیا گۆمانی لە ئێمە هەیە."

وتیشی، " لەم بڕوایەداین کە کێشەکان چارەسەر دەکرێن. هەندێک کێشە راستەوخۆ بە فینلەندا و سویدەوە نەبەستراونەتەوە، بەڵام ئەگەری هەیە پەیوەست بن بە ئەندامانی دیکەی ناتۆشەوە."

دەوڵەتی تورک لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند کە ئەوان بەهۆی دژایەتی کورد، نایانەویت سوید و فینلەندا بەشداری لە ناتۆدا بکەن. داوای رادەستکردنی زۆر کەس دەکەین کە لەنێوانیاندا نووسەر، رۆژنامەنووس راغیب زاراکۆلو و ئەمینە کاکەباوە پەرلەمانتاری سویدیش هەیە."

دەوڵەتی تورک رۆژی دووشەمە ٥ مەرجی ئاشکرا کرد. یەکەم سزاکانی سوید بوو لەدژی تورکیا، گەمارۆی چەک و راگرتنی پشتگیری بۆ کورد. هەروەها دەگۆترێت کە دەوڵەتی تورک بەم شێوەیە دەیەوێت لە ئەمریکا فڕۆکەی شەڕ بکڕێت.

ف.ق