گوشاری پۆلیسی ئەوروپا بۆ سەر کەمینەکان و کۆچبەران زیادیکردووە

لەبارەی جیاکاری و گوشارەکانی پۆلیس لە یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا لە دژی کەمینەکان و کۆچبەران راپۆرتێک بڵاوکرایەوە. بەپێی راپۆرتەکە گوشار و زۆرداری و جیاکاری لە دژی کەمینەکان و کۆچبەران زیادیکردووە.

لە یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا گوشار لەسەر کەمینەکان و کۆچبەران رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت. لە ساڵیادی کوشتنی جۆرج فلۆید دا، کە ساڵی پار لەلایەن پۆلیسێکەوە لەسەر شەقامێک و بەبەرچاوی هاووڵاتییانەوە لە ئەمریکا خنێکندرا، راپۆرتێک لەسەر گوشارەکان لە دژی کەمینەکان و کۆچبەران بۆ ئاژانسی مافە بنەڕەتییەکانی ئەوروپا ئامادە کراوە.

سامی نێڤالا یەکێک لە ئامادەکارانی راپۆرتەکە وتی، "بۆ یەکەمجارە ئێمە لێکۆڵینەوە لەسەر گوشارەکانی پۆلیس بۆ سەر کۆمەڵگە، کۆچبەران و کەمینەکان دەکەین و راپۆرتیان لەسەر ئامادە دەکەین. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و راپۆرتەکەدا ئەوە روون دەبێتەوە، کە گوشارەکانی پۆلیس بۆ سەر کەمینەکان، کۆچبەران و کۆمەڵگە زۆر زیادیکردووە".

لە راپۆرتەکەدا باسی ئەوەکراوە، گوشارەکانی پۆلیس بووەتە هۆی دروستبوونی جیاکاری لە ناو کۆمەڵگەدا.

ئاژانسەکە لە راپۆرتەدا پێشنیاز دەکات، لە دژی گوشارەکان و کردەوە خراپەکان، هێزەکانی پۆلیس لەسەر بنەمای چۆنیەتیی مامەڵەکردن و رێزگرتن لە مرۆڤ و داواکانیان و ئەنجامنەدانی توندوتیژی بەرامبەر کۆچبەران و کەمینەکان، پەروەردە بکرێن.

ژ.ت