هاوینی ٢٠٢٢ لە ئەوروپا لانیکەم ١٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە

راگەیەندرا کە لە ئەوروپا لە هاوینی ٢٠٢٢دا لانیکەم ١٥ هەزار کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.

رێکخراوی تەندروستی جیهان بەبۆنەی کۆبونەوەی لوتکەی کەشوهەوا لە شاری شەرم و شێخی میسر، لەبارەی مردنی مرۆڤەکان بەهۆی گەرماوە لە کیشوەری ئەوروپا ئامارێکی بڵاوکردەوە.

هاوینی ئەمساڵ لە ئەوروپا ریکوردی شکاند. لە زۆر وڵات لە دارستانەکان ئاگر کەوتەوە.

هانس کلوگ بەڕێوەبەری رێکخراوەکە لە ئەوروپا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، " بەپێی ئامارەکانیان، لەساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ١٥ هەزار کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە."

کلوگ ئاشکرای کرد کە لە ئەڵمانیا ٤٥٠٠ کەس، لە ئیسپانیا نزیکەی ٤٠٠٠ کەس، لە بەریتانیان ٣٢٠٠ کەس و لە پۆرتوگال نزیکەی هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و گوتی، " پێدەچێت ئامارەکە زیاتر بێت."

بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستی نێودەوڵەتی، لەماوەی ٥٠ ساڵی رابردوودا لە ئەوروپا ١٤٨ هەزار کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە. بە تەنها ئەمساڵ ١٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

رێکخراوەکە دەشڵێت، گۆڕانکاری کەشوهەوا دەمانکوژێت، بەڵام ئەمڕۆ پێویستە رێگری لە زیادبوونی گیانلەدەستدان بکرێت."

بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە حەفتەی رابردوو بڵاویکردەوە، لەماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا رێژەی گەرما دوو ئەوەندە زیاد بووە.

ف.ق