حیزبەکەی مێرکل لە هەڵبژاردنی ٢ ویلایەتی ئەڵمانیادا شکستی هێنا

حیزبەکەى ئەنگێلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا لە هەڵبژاردنی ویلایەتەکانی بادن ڤورتمبێرگ و راین لاند فلاتز شکستی هێنا و حیزبەکانی سەوز و سۆسیال دیموکراتەکان لەو ٢ ویلایەتانەدا سەرکەوتنیان بە دەستهێنا.

 

لە هەڵبژاردنی ویلایەتەکانی بادن ڤورتمبێرگ و راین لاند فلاتز دا بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٦ رێژەى بەشداریکردنی دەنگدەران کەمیکردبوو.

یەکێتیى دیموکرات مەسیحییەکانى ئەڵمانیا (CDU)، کە حیزبی ئەنگێلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیایە، دەنگێکی زۆری لەو دوو ویلایەتەدا لە دەستداوە.

لە ویلایەتی بادن ڤورتمبێرگ ٧ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دەنگدەر هەیە و لە دوای ئەوەى لە کاتژمێر ١٨:٠٠ی ئێوارەی دوێنێ  سندوقەکانی دەنگدان داخران و کۆتایی بە پرۆسەى دەنگدان هات، کەناڵی زی دی ئێف ئەنجامەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، حیزبی سەوزەکان دەنگیان بە رێژەى ١.٦ زیادیکردووە و رێژەى دەنگەکانی بووە بە سەدا ٣٢. هاوکات حیزبی یەکێتیى دیموکرات مەسیحییەکانى ئەڵمانیا (CDU) رێژەی دەنگەکانی سەدا ٤ کەمیکردووە و دەنگەکانی بۆ سەدا ٢٣ دابەزیوە. دەنگی حیزبى توندڕەو و راستڕەوی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD)یش بە رێژەی سەدا ٤ کەمیکردووە.

حیزبی چەپیش رێژەى سەدا ٣.٣ی دەنگەکانی بە دەستهێنا و نەیتوانی سەدا ٥ی بەربەستی هەڵبژاردن تێپەڕێنێت و لەو ویلایەتەوە  نوێنەر بۆ پەرلەمان بنێرێت.

 لە ئەڵمانیا لە مانگی حوزەیران لە ساکسۆنیا، ئانهالت و لە ١٢ی ئەیلول لە ساکسۆنیای سەروو و لە ٢٦ی ئەیلول لە بەرلین هەڵبژاردنی فیدراڵ بەڕێوەدەچێت.

ژ.ت