کاکەباوە و باودین: هاوکاری زیاتری ڕۆژاڤا و پەیەدە و هەدەپە دەکەین

ئامینە کاکەباوە پارلەمانتاری سەربەخۆی سوید و تووبیاس باودین سکرتێری پارتیی سۆسیال دیمۆکراتە دەسەڵاتدارەکانی سوید ڕێککەوتن لە سەر هاوکاریکردنی زیاتری ڕۆژاڤای کوردستان و پەیەدە و پشتیوانیکردن لە هەدەپە.

سۆسیال دیمۆکراتەکانی سوید کە لەئێستادا دەسەڵاتداری ووڵاتن، بڕیاریاندا هاوکاری خۆیان لەگەڵ خۆسەری دیمۆکراتی ڕۆژاڤای کوردستان و پارتیی یەکێتیی دیمۆکراتی- پەیەدە قووڵتر بکەنەوە و پشتیوانی خۆشیان بۆ هەدەپە ڕاگەیاند.

پەیوەست بەوەش ئامینە کاکەباوە پارلەمانتاری سەربەخۆی سوید و تووبیاس باودین سکرتێری پارتیی سۆسیال دیمۆکراتیی سوید ڕێکەوتنێکیان واژو کرد.

دەقی ڕێککەوتنە:

سۆسیال دێمۆکڕاتەکان تەمایان گرتووە هاوکاری خۆیان لەگەڵ پەیەدە و ڕۆژاڤا قووڵتر بکەنەوە و ئامینە کاکەباوە لەگەڵ ئەو گرووپەی سۆسیال دیمۆکڕاتەکان دەکەوێ کە بۆ ئەو مەبەستە لە پارلەمانی سوید پێکهاتووە.
ئێمە ئەو کارە دەکەین چونکە پشتیوانی دەکەین لە خۆسەریی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە پێناو دیمۆکڕاسی و ڕێزگرتن لە مافی مڕۆڤ. خۆسەری ڕۆژئاوا گرینگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئێمە دریژە دەدەین بە پشتیوانی خۆمان لێی. 
ئاوەدانکردنەوەی ڕۆژاڤا لە دوای شەڕ ئەرکێکی پێویستە و سوێد دەبێ پشتیوانی لەوە بکا. پارتیی سیاسی پەیەدە دەورێکی کاریگەر دەگێڕێ لە خۆسەری دا و شەریک و بەردەنگێکی مەشرووعە. زوڵم و زۆرداری بێسنووری ئیسیل/ داعش و دڵڕقییەکانی و کەمترین ڕێزی ئەو گرووپە بۆ مافی مرۆڤ، قێزەوەنە و جێگای قبووڵ نییە. لە بەربەرەکانی و خەبات بە دژی ئیسیل/داعش دا قوربانییەکی زۆر دراوە و ئەمە هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
یەپەگە/یەپەژە لەو کارەدا دەورێکی سەرەکی و ناوەندییان هەیە و ئێمە پشتیوانی لە خەباتیان دەکەین بە دژی داعش. بەرخوەدان و خۆڕاگری کۆبانێ نوختە وەرچەرخانێکی گرینگ بوو بۆ هێزە کوردەکان و ئەوان بە یارمەتی  هاوپەیمانەکانیان و پێشوەچوونەکەیان لە سەر عەرزی واقع ئاوەژوو کردەوە. سوێدیش بەشێکە لەو ئیتیلافی جیهانییە بە دژی داعش.
ئێمە زۆربەی هەرە زۆرمان کردەوە دڕندانەکانی داعشمان بیستووە. ئەو مەسیحیانەی لە قەفسیان کردن و لە ئاودا خنکاندیانن، هەر لە بەر ئەوە کوشتیانن چونکە مەسیحی بوون، یان ئەو دوو لاوە هۆمۆسێکسوێلەی لە سەربانی خانووبەرەیەکەوە لە ڕەقا خستیاننە خوارەوە و کوشتییانن، هەر لەبەر ئەوەی کە هۆمۆسێکسول بوون، یان ئەو هەموو ئێزیدییەی کە تەنێ لەبەر ئێتنیسیتەکەیان کووژران.  ئەوانە تەنێ چەند نموونەی کەم بوون. بەردان قەت نابێ ببێ بە بەدیل.
یەپەگە/ یەپەژە بەرپرسیارییەتییەکی گەورەیان لە سەر شانە بۆ وەداودانەوەی تێرۆریستەکانی داعش. ئەوانەی شانبەشانی داعش شەریان کردووە دەبێ موحاکەمە بکرێن. ئێمە بەردەوام دەبین بۆ داوای محاکەمەکرانی ئەوانەی کردەوەی تێرۆریستی و جینایەتیان کردووە بە دژی مرۆڤایەتی.
لەبەر شەڕ و ماڵوێرانی خەڵکێکی زۆر لە دەست تێرۆر و زوڵم و زۆر ڕایان کردووە. دەبێ ئەمنییەتی گیانی و ژتانی  ئەو خەڵکە دەستەبەر بکرێ.  ئەوەی کە شەڕڤانانی ئازادی کە لە ڕێزی یەپەگە و یەپەژە دا شەڕیان کردووە یان لایەنگری دەکەن لە یەپەگە/ یەپەژە یان پەیەدە دا، لە لایەن هێندێک دەوڵەتانەوە مۆری تێرۆریستیان لێ دەدەرێ ، ئەوە جێگای قبووڵ نییە.
ئێمە هەر وەها ئەوەش دادەگرینەوە کە پارتیی دەستەخوشکمان هەدەپە لە تورکیا بەردەوامە لە سەر خەبات بە ڕێگای دیمۆکراتیکدا و ئێمە پشتیوانی دەکەین لە خەباتیاندا لە پێناو مافی کوردەکان و داوای ئازادکردنی ڕێبەری ئەو پارتییە سەلاحەدین دەمیرتاش دەکەین.

٢٤-ی نۆڤامبری ٢٠٢١
تووبیاس باودین سکرتێری پارتیی  سۆسیال دێمۆکڕاتەکان/ ئامینە کاکە باوە، نوێنەری پارڵمان

سەرچاوە: ماڵپەڕی پارتیی سۆسیال دیمۆکراتی سوێد

هـ.هـ