کرێکارانی ٧ فرۆکەخانەی ئەڵمانیا مانیان گرت

لە ٧ شاری ئەڵمانیا کرێکارانی فرۆکەخانەکانی مانیانگرت. بە هۆی مانگرتنەکەوە دوو هەزار و ٣٤٠ گەشتی ئاسمانی هەڵوەشانەوە.

لەسەر بانگەوازی سەندیکای کەرتی خزمەتگوزاری گشتی (ڤەر.دی) لە شارەکانی برێمن، دۆرتمۆند، فرانکفۆرت، هامبورگ، هانوڤەر، میونشن و ستوتگارتی ئەڵمانیا کرێکارانی فڕۆکەخانەکان بریاریاندا بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دەست لە کار هەڵبگرن.

بە هۆی مانگرتنەکەوە دوو هەزار و ٣٤٠ گەشتی ئاسمانی هەڵوەشانەوە. چالاکییەکە دوای ئەوە هات کە سەندیکای کەرتی خزمەتگوزاری گشتی بە مەبەستی زیادکردنی مووچە لەگەڵ کاربەدەستان کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.

دوای دەستپێکردنی مانگرتنەکە سەرۆکی سەندیکات کەرتی خزمەتگوزاری گشتی کریستین بێهڵ رایگەیاند مانگرتنی کرێکارانی فڕۆکەخانەکان رەوایە. کرێکاران داوادەکەن بە هۆی هەڵاوسانی بەرزەوە لانیکەم مووچەکانیان بە بڕی ٥٠٠ یۆرۆ زیاد بکرێت.

بێهڵ وتی، هەلومەرجی کارکردنمان زۆر دژوارە و دەبێت دەستبەجی کۆتایی بەو دۆخە بهێنرێت".

بەرپرسانی سەندیکای کەرتی خزمەتگوزاری رایانگەیاند، مانگرتنەکەیان ئەو فرۆکانە ناگرێتەوە کە هاوکاری مرۆیی بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکانی تورکیا و سوریا دەبەن و هەروەها ئەو فرۆکانەش ریزپەڕکراون کە سەرۆک و بەرپرسانی میوانی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن دەگوازنەوە.

هـ . ب