لە مەتینا و ئاڤاشین هەپەگە بە چەکی قورس چالاکی ئەنجامدا

گەریلاکانی هەپەگە/یەژاستار لە مەتینا و ئاڤاشین لەدژی سوپای داگیرکەری تورک بە چەکی قورس چالاکیان ئەنجامدا.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕی جەنگی خاپور لە هەرێمی مەتینا ١٣ی ئەم مانگە لە کاتژمێر ١١.٣٠ خولەک هێزەکانمان بە چەکی قورس داگیرکەرانیان لە گردی ئازاد کردە ئامانج و لێیاندان و لەو چالاکیەدا ئامانجە دیاریکراوەکان بە سەرکەوتوویی زەربەیان لێدرا و ژمارەیەک داگیرکەریش سزادران و بریندارکران بەڵام ژمارەکەیان دیاری نەکراوە.

هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردووە لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕی بازی زاگرۆس لە هەرێمی ئاڤاشین هەر دوێنێ “هێزەکانمان بە چەکی گران لە گردی سڵێمان لە داگیرکەرانیاندا و لە ئەنجامی ئەو چالاکیانەدا ١٠ ئامانج و شوێنی دیاریکراو زەربەیان بەرکەوت”.

بە گوێرەی ئەو ڕاگەیەندراوە هەر دوێنێ دوای نیوەڕۆ تا ئێوارە لە هەرێمی ئاڤاشین و ستونێ و هەرێمی زاپ لە ناوچەی وەرخەلی بەچەکی گران و فڕۆکەی شەڕکەر بۆردومانکراوە، ئەوە جگە لەوەی لە نیوەڕۆدا لە هەرێمی خواکورک لە دەروبەری چەمی لۆلان و ناوچەی کەندەکۆڵ و سنینێ بە فڕۆکە بۆردومان کراوە.

باسی لەوەشکردووە لە کاتژمێرەکانی بەیانی ئەمڕۆدا لە گوندی رەنجباخ و چەمچۆی هەرێمی زاپ بە چەکی قورس بۆردومانکراوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا هەپەگە باسی لەوەکردووە ئەو کەسانەی سیخوڕی بۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەکەن هەوڵ دەدەن شوێنی هێزەکانمان لە هەرێمی مەتینا دیاری بکەن وهەر بۆ ڕێگریکردن لە کاری ئەو سیخوڕانەش هەپەگە داوای کردووە خەڵکی سڤیل لە ناوچەکە زۆر نزیکی خاڵە سەربازیەکانیان نەبنەوە و بەرامبەر بەو خەڵکە سیخوڕانەش هەستیاربن.

ف.ق