لەهێرشی ئیسرائیل بۆ سووریا ژمارەیەک چەکداری ئێران کوژران

لە هێرشی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر پێگەکانی چەکدرانی سەر بە ڕژیمی ئێران لە ناو خاکی سووریا ، ڕاگەیەنرا کە ژمارەیەکی زۆر چەکداری سەر بە ڕژیمی ئێران کوژراون.

بە پێی ڕاگەیەنراوی خانەی چاودێری مافی مرۆڤئ سووریا کە ناوەندەکەی لە لەندەنە، ئەو بۆردومانە ڕۆژ چوارشەممە ئەنجامدراوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەی خانەی چاودێری مافی مرۆڤی سووریادا هاتووە کە لە بۆردومانەکەدا باس لە کوژرانی  چەکداری ئێرانی دەکرێت. بە پێی راگەیەنراوەکە  لە لازقیە و حەما پێگەکانی ئێران بۆردومانکراوە. لەهێرشەکەدا ٥ چەکداری ئێرانی، ٢ ئەفغان و یەک سوری کوژراون.

میدیاکانی سووریا ڕایانگەیاندبوو، لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئاسامانی لە لازقیە هاووڵاتییەکی مەدەنی کوژراوە و ٦ کەسی تر بریندار بوونە.

لە ساڵی ٢٠١١ لەکاتی دەسپێکردنی شەڕ سووریا، ڕێکخراوەی حیزبوڵای لوبنان و چەکدارانی ئێرانی بەشداری شەڕ بوون، چەندین جاریش لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج.

ڕاگەیەنرا کە لەو هێرشەدا ئەمبارێکی چەک و تەقەمەنی لە نێوان لازقیە و حەما کراوەتە ئامانج.

ک-ش