پۆلیسی ئەڵمانیا: لوتسرات بە تەواوەتی چۆڵ کراوە

پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، لوتسرات کە چەندین رۆژە ناوەندی چالاکی پارێزەران و داکۆکیکارانی ژینگە و چالاکوانانە لە دژی دروستکردنی کانی خەڵۆزی نوێ، بە تەواوەتی چۆڵ کراوە.

دوای ئەوەی لە گوندی لوتسراتی ویلایەتی رەین وێستفالیای باکور رادەستی کۆمپانیای وزەی ئاڕ دەبڵیو ئی کرا، بۆ ماوەی چەندین رۆژە بووەتە گەرمترین بابەتی ئەڵمانیا. هێرشەکانی پۆلیس کە هەفتەی رابردوو بۆ سەر گوندەکە کە تیایدا سەدان پارێزەری ژینگە لە پێناو رێگری لە جینۆسایدی ژینگە خێمەیان هەڵدابوو، رۆژی یەکشەممە گەیشتە بەرزترین ئاست.  

دوای چەندین رۆژ پێکدادان لە نێوان پۆلیس و ژینگەپارێزان، پاش ئەو بەربەستانەی کە لە دەوروبەری کانە خەڵوزەکە بە مەبەستی رێگری لە تێپەڕبوونی کەلوپەلی بینازی کۆمپانیای وزە دانرابوون، پۆلیسی رەین وێستفالیای باکور رایگەیاند کە گوندەکەی بە تەواوەتی پاککردووەتەوە.

پۆلیس رایگەیاند، کە لە تونێلەکانی کانە بەردەکەدا تەنیا چەند چالاکوان خۆیان شاردبووەوە و رایگەیاند، "ئێستا هیچ خۆپیشاندەرێک لە لوتسرات نەماوە". پۆلیس رایگەیاندووە کە ژمارەی چالاکوانان کە دەستگیرکراون گەیشتووەتە ١٥٤ کەس و ئاماژەی بەوەکردووە کە ٧٠ پۆلیس برینداربوون و زیاتر لە ٣٠ ئۆتۆمبێلی پۆلیس لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە تێکشکێندراون.

پارتی سەوز لە پشت بڕیارەکەی لوتسراتەوەیە

بە مەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشەکانی پۆلیس و پستیوانی لە بەرخودانی پارێزەرانی ژینگە رۆژی شەممە لە لوتسرات بە بەشداری ٣٠ هەزار کەس خۆپیشاندانی جەماوەری ئەنجامدرا و لەوێ لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران تێکهەڵچوون روویدا.

گوندی لوتسرات  بە بڕیاری ئیدارەی ویلایەتی رەین وێستفالیای باکور کە هاوپەیمانی دیموکرات مەسیحی و پارتی سەوز بەڕێوەی دەبات، لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە بۆ ئەوەی ژینگە لەناو نەچێت، لە لایەن پارێزەرانی ژینگە و گروپە چەپەکانەوە بەڕێوە دەبرێت.

بەهۆی بڕیاردان لەسەر لوتسرات پارتی سەوز کە هاوبەشی حکومەتی فیدڕاڵە، لەلایەن پارێزەرانی ژینگەوە کرایە ئامانج. لە هەفتەی رابردوودا لە زۆر شار پارێزەران و داکۆکیکارانی ژینگە بە بەرد هێرشیان کردە سەر نوسینگە و بیناکانی رێکخستنی پارتی سەوز.

هـ . ب