پەرلەمانی لیبیا متمانەی بەخشی بە حکومەتی کاتی وڵاتەکەی

پەرلەمانی لیبیا متمانەی بەخشی بە حکومەتی کاتی وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتی عەبدولحەمید دەبیبە کە بە حکومەتی “یەکێتی نەتەوەیی” ناسراوە.

دوێنێ یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی لیبیا لە شاری سیرت ئەنجامدرا، ڕەزامەندی نیشاندرا دەنگ بە کابینەکە بدرێت بە مەرجی لابردنی چەند کاندیدێکی وەزیر، ئەمڕۆش ناوەکان لەناو کابینەکە لابران و لە کۆبوونەوەی دووەمی خۆیدا پەرلەمان متمانەی پێ بەخشی.

دوای وەرگرتنی متمانە، دەبیبە لەبەردەم پەرلەماندا، ئەمڕۆی بە ڕۆژێکی مێژوویی وەسف کرد.
حکومەتی دەبیبە کە بەشێکە لە کۆڕبەندی دیالۆگی لیبیا کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی کراوە، دوای دوو ڕۆژ لە گفتوگۆی پەرلەمانی، ئەمڕۆ بە کۆی دەنگی ١٣٢ پەرلەمانتار متمانەی وەرگرت.

شاری سیرت شوێنی لە دایکبوونی موعەممەر قەزافی سەرۆکی لیبیایەو ئێستا لەژێر دەستی هێزەکانی خەلیفە حەفتەردایە، پێکهێنانی حکومەتی نیشتیمانی و یەکگرتوو تیایدا، پەیامێک بوو بۆ خەڵکی لیبیا کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی قەزافییەوە لە ساڵی ٢٠١١ یەکەمجارە حکومەتی نیشتیمانی یەکگرتووە بێتە کایەوە کە تا ڕۆژی ٢٤ی کانوونی یەکەم کارەکانی ئەنجام دەدات و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکات.

ک-ش