شاری نرخ کەوتە دەستی چەکدارانی تاڵیبان

دوای هێرشێکی بەرفراوانی تاڵیبان لە ویلایەتی مەیدان وەردەکی ئەفغانستان، شاری نرخی ئەم ویلایەتە کەوتە دەستی چەکدارانی ئەم گروپە.

عەبدورەحمان تاریق پارێزگاری ویلایەتی مەیدان وەردەک ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو چەکدارانی گروپی تاڵیبان هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر شاری ‘نرخ’ لەم ویلایەتە.

تاریق وتی: دوابەدوای هێرشەکە و شەڕێک کە لەو شارە ڕوویداوە، بینای قائیمقامێتی شارەکە دوای کشانەوەی هێزە ئەمنییەکان کەوتووەتە دەستی چەکدارانی تاڵێبان.

زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژی گروپی تاڵیبان، پشتڕاستی کردووەتەوە کە شاری نرخ کەوتووەتە دەستی چەکدارەکانیان.

لەلایەکی دیکەشەوە، فواد ئەمان وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان، ڕایگەیاندووە کە هێزی تازە ڕەوانەی شاری نرخ دەکەن، هەڕەشەشی کردووە کە ئەو شارە دەکەنە گۆڕستانی چەکدارانی تاڵیبان.

ک-ش