تێکۆشان لە کۆپەوە بۆ خواکورک؛ هەڵگورد سیابەند

هەڵگورد سیابەند لە کۆپ دەستی بە تێکۆشان کرد و لە خواکورک شەهید بوو. دەیوت؛ گەریلابوون شەڕێکە بۆ سەرلەنوێ ئافراندنەوەی خود و ڕێگای بنیاتنانەوەی ژیانە لە کوردستان.

گەریلا هەڵگورد سیابەند دوای ئەوەى دەستی بە گەریلایی کرد هەموو ساتێکی ژیانی تووڕەیی بوو لە دژی دوژمن. لە گەریلایەتیدا هەمیشە هەوڵی دەدا ببێت بە گەریلایەکی پرۆفیشناڵ، بۆیە هەرگیز ماندوو نەبوو، بێزار نەبوو و لە هەمووشی گرنگتر ئەوە بوو، کە خۆشەویستییەکەی بۆ ژیان و تێکۆشان کەم نەکردەوە.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شۆڕشی کوردستان بە شۆڕشی دروستکردن و ئافراندنی خۆشەویستی و گەیاندنی مرۆڤەکان بە جەوهەری راستەقینەیان پێناسە دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا هاوڕێیەتی لەناو پەکەکەدا مەرجی شۆڕشی ئافراندنی خۆشەویستییە. بۆیە شەهیدانی شۆڕش لە بەرزترین ئاستدا لە پەیوەندیی نێوان خۆشەویستی و ئازادی تێگەیشتوون و لەو پێناوەدا لە ژیاندا بوونە هاوڕێ و لە شەڕدا بوونە فیدایی.

کوردستان ناوی تێکۆشانە لە پێناو ئازادی دا. ئەم جوگرافیایە چەندین پاڵەوانی ئافراندووە و حەواندووەتەوە، خاک و واری قارەمانەکانە. ڕۆڵە قارەمانەکانی گەلی کورد بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە خۆیان فیدای ئازادی بۆ ئەم جوگرافیایە دەکەن. پێناسەی خۆشەویستی بۆ ژیان لەلای ئەو قارەمانانە بە مانا ڕاستەقینەکەی خۆی گەیشتووە. هەر یەکەیان بوون بە بەشێک لە وڵات.

زۆر پاڵەوان بەدوای ئەو ڕاستییەدا رۆیشتن و یەکێکیان شەهید هەڵگورد سیابەند (فەسیح کاراکایا) بوو.

لەگەرمەی خەبات و تێکۆشاندا گەورەبوو

هەڵگورد ساڵی ١٩٩١ لە گوندی گەبۆلا لە ناوچەی کۆپ-ی سەر بە مووش لە دایک بوو. مووش یەکێک بوو لەو ناوچانە، کە دەوڵەت قورسایی خستبووە سەر و جەختی لەسەر دەکردەوە، لە هەمان کاتدا بزووتنەوەی ئازادیی کوردیش بە بەرفراوانی خۆی گەیاندە هەناوی کۆمەڵانی خەڵک. لەلایەک گوشاری قورسی دوژمن هەبوو و دوژمن بۆ ئەوەى پەکەکە لە گەل داببڕێت هەموو ڕێگایەکی گرتبووە بەر. لەلایەکی دیکەشەوە بە هۆی کاریگەریی گەریلاکانەوە راپەڕین روویان دەدا. هەڵگورد لە دۆخێکی وەهادا گەورە بوو و لەگەڵ گەورەبوونیدا تێکۆشانی گەریلایی گەشەی دەکرد.

کاری گەنجان لەکاتی خوێندنی زانکۆدا

ساڵەکانی خوێندنی زانکۆ بۆ ئەو یەکلاکەرەوە بوو. زیاتر بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەى لەسەر تاوان و کردەوەکانی دوژمنی داگیرکەر دەکرد. بە تێگەیشتنیش لە تاوان و کردارەکانی دوژمن ڕق و تووڕەیی زیاتر دەبوو. لەو کاتەدا بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداریی لە کاری گەنجاندا کرد و هەوڵیدا بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. لەناو خوێندکاراندا زۆر چالاک بوو و لە کۆتاییدا چووە ناو ڕیزی گەریلاکانی ئازادییەوە.

لەناو گەریلادا خۆی سەرلەنوێ بونیاتنایەوە

دوای ئەوەی بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوو، لە هەموو ساتێکدا بە تووڕەیییەکی زۆرەوە لە دژی دوژمن خۆی بەرەو پێش دەبرد. ئەو بەم شێوەیە مانای ژیانی گەریلایی بۆ خۆی پێناسە کرد: "ژیانێک لەسەر بنەمای هاوبەشیکردن و ئازادی. سیستمی کولتورمان، ناسنامە، زمانمان و ژیانمان دەگۆڕێت. کاتێک مرۆڤ لە چاوی گەریلاەوە سەیری بکات ئەوەى بۆ دەسەلمێت، کە ئێمە شەڕی سەرلەنوێ هەبوون و ژیانەوە بەڕێوەدەبەین. گەریلایەتی تاکە ڕێگایە بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی ژیان، کە هەوڵ دەدرێت ئەو ژیانە لە کوردستان لەناوببرێت."

رانەوەستا، ماندو نەبوو و خۆشەویستیی خۆی کەم نەکردەوە

لەبەر ئەوانەش زۆر دڵسۆز و شەیدای سروشت بوو. ئەو ئاگاداری ئەوە بوو، کە دەبێت خۆشەویستی بڕوێنرێت و گەورە بکرێت. بۆ ئەوەی ئەمە بەدەست بهێنرێت هەمیشە هەوڵی دەدا خۆی لەلایەنی گەریلاییەوە پرۆفیشناڵ بکات. ماندوو نەبوو، رانەوەستا، بێزار نەبوو، لە هەمووشی گرنگتر خۆشەویستیی خۆی کەم نەکردەوە. بە کەسایەتیی ڕەنجدەر و خاکیی خۆی بوو بە جێگای خۆشەویستی و ڕێز لە نێو هەڤاڵانیدا، بۆیە بە دیسپلین و پێداگرییەکی زۆرەوە هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کرد، چونکە ئەو دەیزانی ژیان بە خۆشەویستی و ڕەنج دروست کراوە.

لە دوایین قۆناغی تێکۆشانەکەیدا لە ناوچەی خواکورک لە خەبات و تێکۆشاندا بوو. لە گۆڕەپانی ئەرموش لە هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا لەگەڵ دوو هاوڕێیدا چوونە کاروانی شەهیدانەوە. بە ژیانی خۆی میراتێکی بێوێنەی بۆ هاوڕێکانی خۆی بەجێ هێشت.

ژ.ت