تراژیدیای کۆچبەران لە بیلاروس؛ تەرمێکی دیکە دۆزرایەوە

پۆلیسی پۆڵەندا ڕایگەیاند، لە نزیک سنووری نێوان بیلاروس و پۆڵەندا تەرمی گەنجێکی سوریی تەمەن ٢٠ ساڵ دۆزراوەتەوە.

هەزاران کۆچبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە زۆربەیان خەڵکی باشور و ڕۆژئاوای کوردستانن، لە هەوڵی ئەوەدان لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و لیتڤانیا لە پلەى ژێر سفردا ژیانیان بپارێزن، چونکە بیلاروس و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕێگەیان پێنادەن بپەڕنەوە.

لەو کاتەوە قەیرانی کۆچبەران لە سنووری نێوان بیلاروس و پۆڵەندا دەستی پێکردوە بەلانیکەمەوە ٨ کەس گیانیان لە دەست داوە. لەگەڵ دەستپێکردنی دۆخی زستاندا، کە پلەکانی هەوا دەگاتە ژێر سفر، ترس و نیگەرانییەکان لەبارەی سەلامەتی و ئاسایشی ئەو کۆچبەرانەوە زیادیکردووە.

تۆماس کروپا وتەبێژی پۆلیسی پۆدلسکا ڕایگەیاند، کرێکارێکی دارستانەکان پێی ڕاگەیاندوون، کە تەرمی گەنجێکیان دۆزیوەتەوە.  دوێنێ تەرمەکە و پاسپۆرتەکەی دۆزراوەتەوە.

کروپا ڕاشیگەیاند، ئەستەمە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو گەنجە تەمەن ٢٠ ساڵەى خەڵکی سوریا لە شوێنی ڕووداوەکە دیاری بکرێت.

ڕۆژانە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی دەڕۆنە سەر سنورەکە ڕوو لەزیادبوون دەکات و نزیکەى ١٠٠ کۆچبەریان پەڕیونەتەوە بۆ خاکی پۆڵەندا.

مەزەندە دەکرێت لەسەر سنوور کامپێک، کە نزیکەى ١٥٠٠ کۆچبەری تیادا بێت دروستکراوە.

ڕێکخراو  و دەزگاکانی بواری هاوکاری لە پۆڵەندا، نەمسا، لیتڤانیا، لاتڤیا و ئیستۆنیا داوایان لە دەزگا مرۆییە نێونەتەوەییەکان کردوە، کە یارمەتیی پزیشکی و مرۆیی بگەیەننە سەر سنووری بیلاروس و پۆڵەندا تاوەکو "ڕێگری لە تراژیدیا و قەیرانێکی مرۆیی" بگیردرێت.

ژ.ت