وەزیری دەرەوەی نوێ ئەمریکا: ئێس ٤٠٠ لە تورکیا قبوڵ ناکەین

ئەنتۆنی بلیکن وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریکا، کە ئەمڕۆ دەستبەکار دەبێت، رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس – ٤٠٠ لە تورکیا قبوڵ ناکەن و لێکدانەوەش بۆ کاریگەریی سزاکانی سەر تورکیا دەکەن.

بلیکن وەزیری دەرەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی تورکیاوە، هەڵوێستی رەخنەگرانەى خۆی دووبارە کردەوە.

بلیکن لەبارەی کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس ٤٠٠ی رووسی لەلایەن تورکیاوە وتی، "ئەو هاوبەشەمان، کە بە ستراتیژی پێناسە دەکرێت، ئێستا لەگەڵ گەورەترین نەیاری ستراتیژیی ئێمە، واتە روسیا لەسەر هێڵە و ئەوەش قبوڵ ناکرێت".

ئەنتۆنی بلیکن لەبارەی سزاکانی ١٤ی کانوونی ٢٠٢٠ی دۆناڵد ترامپ بەسەر تورکیادا لە دژی ئێس – ٤٠٠ رایگەیاند، کاتێک ئەوەیان بۆ دەرکەوت، سزاکانی ئێستا "کاریگەرییان دەبێت" ئەوا بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن، کە سزای نوێ پێویستە یان نا.

دۆناڵد ترامپ لە ماوەى ٤ ساڵی دەسەڵاتەکەیدا بەارمبەر بە سیاسەتەکانی رژێمی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە بێدەنگ بوو. مانگی رابردوو بە پاساوی ئەوەى تورکیا سسیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس – ٤٠٠ی لە روسیا کڕیوە، لە چوارچێوەی یاسای كاتسا (CAATSA)، کە ئەو یاسایە بریتییە لە "رووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئەمریكا لەرێگەی سزادانەوە" بڕیاری سەپاندنی سزای بەسەر تورکیادا دەرکرد. سزاکان لە دژی کەرتی پیشەسازیی بەرگریی سەربازیی تورکیا و عیسمەت دەمیر سەرۆکی ئەو دامەزراوەیە و ٣ کەسی تری بەرپرسی باڵای ئەو کەرتەدا سەپێنراوە.

ژ.ت