یەکێتی ئەوروپا لە جیگەی سزا بەدوای بازرگانیە

لە کاتێکدا کە لە تورکیا مافەکانی مرۆڤ بە دەستی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە پێشێل دەکرێن، یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، پەیوەندیە بازرگانیەکانی لەگەڵ تورکیا بەهێز دەکات.

لە کۆبونەوەی باڵای سەرۆکەکانی یەکێتی ئەوروپادا کە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە ئەنجامدرا، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ پشتگوێخران. دوای کۆبونەوەکە، ٢٧ ئەندامەکەی یەکێتی ئەوروپا رایانگەیاند کە پەیوەندیە ئابوری و بازرگانیەکانی لەگەڵ تورکیا بەهێز دەکەن.

لە راگەیەنراوی دوای کۆبونەوەدا هاتووە، پسپۆرەکانیان لە پرسی نوێکردنەوەی یەکێتی گومرکی تورکیادا دەست بە کار دەکەن.

سزاکان بە پرسی سەرکێشیەکانی تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای سپیەوە بەسترایەوە

لە گەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی داپلۆسین لەبەرانبەر گەلی کورد و لایەنگرانی دیموکراسی، سەرنجڕاکێشە کە یەکێتی ئەوروپا سەپاندنی سزاکانی لەسەر تورکیا دواخست.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بە هەوڵە تێکدەریەکانی تورکیا لە چەند مانگی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی کرد و دەگوترێت، "ئێمە بانگ لە تورکیا دەکەین خۆی لە هەوڵە تێکدەریەکان و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان بە شێوەیەکی یەکلایەنە بەدوور بگرێت."

سەرۆکەکانی وڵاتانی ئەوروپا باسی ئەوەیان کرد کە شیکردنەوە لەبارەی هەوڵی گەڕانی تورکیا بەدوای غازدا لە کەناراوەکانی یونان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، لە مانگی حوزەیراندا دەبێت.

ف.ق