ئەمریكا لە ئاوەکانی یونان دەستی بەسەر كەشتییەكی روسیدا گرت كە نەوتی ئێرانی باركردبوو

ئەمریكا دەڵێت، هەموو شتێك لە ماڵ و موڵکەوە و کەلەوپەلی جۆراوجۆرەوە، کە پەیوەندیی بە "گروپی تیرۆریستیی" سوپای پاسدارانەوە هەبێت، دەستی بەسەردا دەگرن ئەگەر لە ئاوە نێودەوڵەتییەكانیشدا بێت.

دەوڵەتی ئەمریكا لەئاوەكانی یونان دا دەستی بەسەر كەشتییەكی روسی دا گرتووە، كە نەوتی قاچاخی ئێرانی باركردبوو. ئەمریكا دەیەوێت بارەكە بگۆازێتەوە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

ماڵپەڕی لێست لویدز تایبەت بە كێشە ئاسایشیەكانی دەریاكان بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی یونان کەشتیی نەوت هەڵگریی روسیی "لانا"، كە لە بەندەری كاریستوسی ئەو وڵاتە راوەستابوو لە ١٥ی ئایاردا و لە سەر پێشنیاری ئەمریكا دەستیان بەسەردا گرتووە.

سەرچاوەكانی ئەم ماڵپەڕە راشیانگەیاندوە؛ رۆژی دووشەممە كەشتییەكی نەوت هەڵگر هاتووەتە بەندەرەكەوە و لەپاڵ كەشتیی نەوت هەڵگری لانای روسی دا راوەستاوە، پاشان ئاشكرا بووە، كە ئەم كەشتییە ئەمریكا بەكرێی گرتووە بۆ گۆاستنەوەی نەوتە ئێرانیەكە بۆ ئەمریكا.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشتریش رایگەیاندوە، هەر شتێك لە ماڵ و موڵک و کەلەوپەلی جۆراوجۆرەوە پەیوەندی بە "گروپی تیرۆریستیی" سوپای پاسدارانەوە هەبێت، دەستی بەسەردا دەگرن ئەگەر لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانیشدا بێت.

لیست لویدز راشیگەیاندوە؛ وردەكاریی ئەم دۆسیەیە تا ئێستا ئاشكرا نەكراوە، بەڵام ئەو زانیاریانەی تا ئێستاە بڵاوكراونەتەوە، ئەوە ڕوون دەکەنەوە، كە كەشتیی لانا سەرەتا بەهۆی ئەوەی سەر بە روسیایە دەستی بەسەردا گیراوە و نەک بەهۆی ئەوەی نەوتی  قاچاخی ئێرانی هەڵگرتبێت.

ژ.ت