ئەمریکا پێگەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردوومانکرد، ٢٢ چەکدرا کوژران

ئەمریکا پێگەی هێزەکانی سەر بە ڕژیمی ئێرانی لە ئەبووکەمال لە ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆردومانکرد و لانی کەم ٢٢ چەکداری ئێرانی کوژراون.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند: بە فەرمانی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیان، پێگەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردوومان کردووە.

درەنگانی شەوی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئەمریکا، بە فەرمانی جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، پێگەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیان لە ئەبوکەمال لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردوومانکرد.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پنتاگون، لەوبارەوە ڕایگەیاند: بە فەرمانی سەرۆک کۆمار بایدن، هێزەکانی سوپای ئەمریکا دوێنێ شەو لە ڕێگەی ئاسمانەوە هێرشیان کردە سەر پێگە و بنکە و کۆگاکانی گروپە گرێدراوەکانی دەسەڵاتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەم هێرشە لە وەڵامی هێرشی ئەم دواییە بۆسەر کارمەندانی ئەمریکی و هاوپەیمانان لە عێراق و هەڕەشە بەردەوامەکان دژی ئەم کارمەندانە ئەنجامدراوە.

هەروەها هاتووە: “ئەم هێرشە بووەهۆی لەناوچوونی چەندین بنکە لە خاڵی کنترۆڵی سنوور، کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەربە دەسەڵاتی ئێرانەوە لەوانە؛ کتائیب حزبوڵا و کەتائیب سەید شوهەدا، بەکاردەهێندرێن.

پنتاگون ئاماژەیەک بە زیانەکان و ژمارەی کوژراوەکان نەداوە، بەڵام ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاند: لەم هێرشەدا ١٧ چەکداری سەربە ئێران کوژراون.

لەلایەکی دیکەشەوە، ڕاگەیاندنەکانی سەربە سوپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران، ئەم هێرشانەیان پشتڕاست کردووەتەوە و نووسیویانە؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئەمریکا “گروپەکانی موقاومە”ـیان لە ناوچەی ئەبوکەمال کردووەتە ئامانج.

ئەمە یەکەم هێرشی هێزەکانی ئەمریکایە دژبە هێزەکانی سەربە ئێران لە سووریا، بە فەرمانی جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوای بەدەسەڵات گەیشتنی.

ک-ش