ژمارەی برسیەکانی جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە

لە ڕاپۆرتی جیهانی لەبارەی قەیرانی خۆراک (GRFC) ڕاگەیاندراوە، ڕێژەی ئەو کەسانەی لە ئاستێکی مەترسیداردا لە برسێتیدا دەژین لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە ٢٥٨ ملیۆن کەس.

لە ساڵی ٢٠٢٢ دا، سۆماڵ، ئەفغانستان، بورکینا فاسۆ، هایتی، نایجیریا، سودانی باشوور و یەمەن ئاستی برسێتی تیاندا گەیشتە ئاستی پێنجەم، کە خراپترین ئاستی برسێتییە. هەروەها ٣٥ ملیۆن کەس لە ئاستی چوارەمدا لە برسێتیدا دەژین.

لە ساڵی ٢٠٢٣دا ژمارەی ئەو کەسانەی برسی بوون گەیشتە ٣٤٥ ملیۆن کەس. ئەم ژمارەیە بەرزترین ژمارەیە تا ئێستا.

ڕاپۆرتێکی یەکەمی (GRFC) لە ساڵی ٢٠١٦دا بڵاوکرایەوە و لەو ڕاپۆرتەدا ژمارەی برسێیەکانی جیهان ١٠٥ ملیۆن کەس بوون.

لە ڕاپۆرتەکەدا قەیرانی ئابووری، جەنگ و گۆڕانی کەشوهەوا وەک هۆکاری سەرەکیی نەبوونی خۆراک و برسێتی پێناسەکراوە. لەو هۆکارانەدا قەیرانی ئابووری بە گەورەترین هۆکار بۆ برسێتیی مرۆڤ پێناسە کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی (GRFC)، بەشێکی زۆری دانیشتوانی جیهان هێشتا لەژێر مەترسیی برسێتیدان و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەو بارەیەوە ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەەی برسێتی بگرنەبەر.

ژ.ت