ڕێژەی پەنابەران لە جیهاندا گەیشتووەتە ٢٨١ ملیۆن کەس

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاند ، ژمارەی کۆچبەران لە جیهاندا گەیشتووەتە ٢٨١ ملیۆن کەس.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی کۆچی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتەکانیان دەژین، لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتووەتە ٢٨١ ملیۆن کەس، هەروەها لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٢٠ ژمارەی ئەو کەسانەی لە ململانێ و قەیران و چەوساندنەوە و توندوتیژی یان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ڕایانکردووە، دوو هێندە زیادیکردووە، واتە لە ١٧ ملیۆنەوە گەیشتووەتە ٣٤ ملیۆن کەس.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، گەشەی ژمارەی کۆچبەرانی نێودەوڵەتی بەهێز بووە بەجۆرێک گەیشتووەتە ٢٨١ ملیۆن کەس کە لە دەرەوەی وڵاتە بنەڕەتەکانی خۆیان دەژین کە نزیکەی ٣.٦٪ی هەموو دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن.

لیو زینمین، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئابوری و کۆمەڵایەتی دەڵێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا سنوورە نەتەوەییەکانی لە سەرتاسەری جیهان ڕاگرتووە و هەموو شێوەکانی جوڵەی مرۆڤی پەکخستووە کە مەزەندە دەکرێت گەشەی کۆچبەری نێودەوڵەتی تا ناوەڕاستی ٢٠٢٠ بە نزیکەی دوو ملیۆن کەم کردبێتەوە.

 

ک-ش