زیلینسکی: هەموو رۆژێک ٦٠ تاوەکو ١٠٠ سەربازی ئۆکراینی دەکوژرێن

ڤۆلۆدۆمیر زیلینسکی سەرۆککۆماری ئۆکراینا رایگەیاند کە لە شەڕی رووسیادا هەموو رۆژێک ٦٠ تاوەکو ١٠٠ سەربازی ئۆکراینی دەکوژرێن.

ڤۆلۆدۆمیر زیلینسکی سەرۆککۆماری ئوکراینا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای نیوماکسی ئەمریکا وتی، " لە شەڕدا رۆژانە ٦٠ تاوەکو ١٠٠ سەربازمان دەکوژرێن و ٥٠٠ سەرباز بریندار دەبن."

زیلینسکی ئەوەی خستەڕوو کە دۆخی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بە راستی سەختە.

هێزەکانی رووسیا زیاتر هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی هەرێمی لۆهانسی رۆژهەڵاتی ئوکراینا دەدەن. بۆیەش شەڕێکی سەخت لەو هەرێمە روودەدات.

سیڤیرۆدۆنەستسک کە شارێکی گرنگی لوهانسکیە، زیاتر لە دەستی رووسیادایە و باسی ئەوە دەکرێت کە ٩٠٪ی شارەکە کۆنتڕۆڵکراوە.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئۆکراینا، لە شەڕدا هێزەکانی رووسیا گورزی گەورەیان بەرکەوتووە و لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکو ئێستا ٣٠ هەزار سەربازیان بوونەتە قوربانی. تاوەکو ئێستاش رووسیا هیچ ئامارێکی باوەرپێکراوی ئاشکرا نەکردووە.

دوای ئەوەی ئەمریکا بڕیاریدا سیستمی موشەکی بداتە ئۆکراینا، ئەڵمانیا دەستی بە جووڵە کرد. ئەڵمانیا رایگەیاند کە سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ شارە گەورەکان دژی هێرشی ئاسمانی رووسیا رەوانەی ئۆکراینا دەکەن.

ف.ق