٣هەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیى فیلم لە سلێمانی بەڕێوەچوو

 لە ٣هەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیى فیلمی سلێمانی، کە تیایدا دەر‌هێنەران لە ٥٢ وڵاتی جیاوازیی دونیاوە بەشدارییان کردبوو، لەلایەن بینەرانەوە پێشوازییەکی گەرم لە فلێمەکانی "١٤ تەمووز" و "کچانی رۆژ" کرا.

فێستیڤاڵەکە لە رۆژی ١٠-ی ئەم مانگە بە بەشداریی میوانان و بەرهەمەکانی ٥٢ وڵات لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی دەستی بەکارەکانی کرد. ماوەی شەش رۆژ بەردەوام بوو، ئەو فێستیڤاڵە پێکهاتبوو لە بەشەکانی فیلم، کورتە فیلم، دیکۆمێنتاری، ئەنیمەیشن و سمینار، کە تیایدا ١٤ فیلم و ٤٠ کورتە فیلم و دەیان ئەنیمەیشن و دیکۆمێنتاری نمایش کرا.

سەرەتای فێستیڤاڵەکە کاتژمێر ٦ ئیوارەی ١٠ مانگ بە نمایشکرنی فیلمی کچانی رۆژ (Girl of the sun) دەستی بەکارەکانی کرد. فیلمی کچانی رۆژ، ئیڤا هوسۆنی فەرەنسی دەرهێنانی بۆ کردووە. ئەکتەری بەناو بانگی جیهانی گولشیفتە فەراهانی رۆلی تیدا دەبێنی. چیرۆکی فیلمەکە ڕاستەقینە و باس لە کچانی کورد دەکات کە بەرامبەر فاشیزمی ڕەشی داعش شەڕ دەکەن و شەنگاڵ لە چەتەکانی داعش پاک دەکەنەوە. لە کاتی نمایشکردنی فیلمەکەدا  ئامادەبوانی فێستیڤاڵەکە پێشوازییەکی گەرمیان لەو فیلمە کرد و بۆ سەرکەوتنى کچانى کورد بەرامبەر بە فاشیزمى داعش هۆڵەکە پڕ بوو لە چەپەڵەڕێزان.

یەکیکیتر لەو ١٤ فیلمە، فلیمی ١٤ى تەمووز بوو، کە رۆژانی چوارەم و پێنجەمی فێستیڤاڵەکەدا نمایشکرا. فیلمی ١٤ تەموو دەرهێنەری کورد هاشم ئایدەمیر کاری دەرهێنانی بۆ کردووە. چیرۆکی فیلمەکە ڕاستەقینەیە و باس لە بەرخۆدانی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووی پێشەنگەکانی پەکەکە دەکات لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیا، لە ئامەدی باکوری کوردستان. هەروەها لەکاتی نمایشکردنی ئەو فیلمەش دا هۆڵەکانی فێستیڤاڵەکە پر بوون لە بینەر و لەلایەن بینەرانەوە پێشوازیی گەرمی لێکرا. لە سەرەتای فیلمەکە تاوەکوو کۆتایی، بینەران زۆر بە وردی و هەستیارییەوە سەیری فیلمەکەیان دەکرد.

هاشم ئایدەمیر دەر‌‌هێنەری فیلمی ١٤ تەمووز دەربارەی فێستیڤاڵەکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی وت: دڵخۆشم بەوەی فیلمەکەمان لەلایەن گەلەوە باش پێشوازیی لێکرا و دوو جار نمایش کرا.

هەروەها وتێشی: لە کۆی ١٤ فیلم کە قەبووڵکراوە تەنها، فیلمی ١٤ تەمووز،  بەرهەمی سینەمای کوردی بوو و فیلمەکانی تر نێونەتەوەیی بوون، ئەوەش ئەوە دەسەلەمێنێت، سینمای کوردی لە کێشەدایە. کورد چیرۆکی زۆرە و داستانی زۆرە، بەڵام فیلم کەمن تاکو ئێستا فیلم لەسەر ئەو چیرۆکانە دروست نەکراوە، بۆیە فێستیڤاڵێ بەمشێوەی زیاتر لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی دەمێنێ و نابێتە فیستیڤالی فیلمی بەرهەمی ناوخۆیی، لەبەر کەمیی فیلم.

هەروەها ناوبراو لەبارەی بەرهەمی داهاتووی وتی: چیرۆکی گەریلایەکی بریندارە، کە نووسەر موراد تورک نووسیویەتى و چاپی کردووە. سەر سیناریۆ و کاری وێنە گرتنی تەواو بووە و لە فیستیڤاڵی ساڵی داهاتووی فیلمی سلێمانی بەو فیلمە بەشداری دەکەین.

ر.م