گوڵشیفتە فەراهانی بەشداری لە فیلمی کچانی ڕۆژ دەكات

گۆلشیفتە فەراهانی لە فیلمێکدا بە ناوی "کچانی ڕۆژ" لە دەرهێنانی ئەڤا هوسۆنی فەرەنسی ڕۆڵ دەگێڕێت، کە لە بارەی ژنەشۆڕشگێڕانی کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرهەم هێنراوە.

سکرین دەیلی کە ئاژانسێکی بڵاوکردنەوەی هەواڵی فیلمە، ڕایگەیاند، کە گۆلشیفتە فەراهانی، ئەکتەری دیاریی ئێرانی لە فیلمی کچانی ڕۆژدا ڕۆڵی کچێکی شۆرشگێڕ بەناوی بەهار دەگێڕێت. لە فیلمەکەدا، ژیانی بەهار لە کاتی هاتنی توندڕەوەکان بۆ شارەکەیەوە تا تێکۆشانیی بۆ ڕزگارکردنی شار و خانەوادەکەی پیشاندراوەو گۆڕانکارییەکانی ژیانی بەهار لەو ماوەیەدا نمایش دەکرێت.

ئەڤا هوسۆن ئەو فیلمەی لە تێکۆشانی ژنانی کورد بۆ ڕزگارکردنی ژنە بەدیلگیراوەکان لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ئیلهام وەرگرتووە. کچانی ڕۆژ دووەمین فیلمی ئەڤا هوسۆنە، یەکەم فیلمی ئەو دەرهێنەرە فەرەنسییە لە ساڵی ٢٠١٥دا نمایشکرا بە ناوی بەنگ گەنگ.

گۆلشیفتە فەراهانی، ئەکتەرێکی دیاری ئێرانییە و بەهۆی هەڵوێست و کارەکانییەوە لە وڵاتی ئێران دوورخراوەتەوەو بە بەردەوامیش لەلایەن میدیاکانی حکومەتی ئێرانەوە هێرش دەکرێتە سەری، ناوبراو ئێستا دانیشتووی وڵاتی فەرەنسایە و یەکێکە لە ئەکتەرە دیارەکانی جیهان.