ئەمڕۆ رۆژی جەژنی زمانی کوردییە

لەسەر داواى زانایانی زمانى کوردی و ئەدیبانی کورد، رۆژی دەرچوونى یەکەم ژمارەی گۆڤاری هاوار لە ١٥ى ئایاری ١٩٣٢ / ٢٥ی گوڵان (بانەمەڕ) لەلایەن جەلادەت عالی بەدرخانەوە، وەک رۆژی جەژنی زمانى کوردی دیاریکراوە.

لە ساڵى ٢٠٠٧دا کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) پێشنیازیکردبوو، ڕۆژى ١٥ى ئایار ڕۆژى دەرچوونى گۆڤاری هاوار لە ساڵى ١٩٣٢دا، بکرێت بە ڕۆژى جەژنی زمانى کوردی.

هەر لەو ساڵەدا بزووتنەوەى خوێندن بە زمانى کوردى (تەزەپە) لە باکوورى کوردستان ڕۆژى ١٥ى ئایاری بە ڕۆژى جەژنی زمانى کوردى پەسەند کرد و ئاهەنگى ڕۆژى جەژنی زمانى کوردیى بەڕێوەبرد.

لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا لە ڕۆژى ١٥ى ئایار / ٢٥ی گوڵان (بانەمەڕ)دا لە باکوورى کوردستان و ڕۆژئاواى کوردستان و لە ناو کوردانى ئەرمینیا و ئاسیاى ناوەڕاست و بەشێک لە کوردانى ئەوروپا کۆمەڵێک چالاکى و یاد و سیمینار بەبۆنەى ڕۆژى زمانى کوردییەوە بۆ پاراستنى زمانی کوردی بەڕێوەدەچن.

گۆڤاری هاوار و رۆژی زمانی کوردی

گۆڤاری هاوار و ئامانجەکەی

گۆڤارى هاوار لە ١٥ى ئایاری ١٩٣٢ / ٢٥ی گوڵان (بانەمەڕ)، واتە ٨٧ ساڵ لەوە پێش لەلایەن جەلادەت عالی بەدرخانەوە لە شارى دیمەشقى پایتەختى سوریا بە هەردوو رێنووسی زمانی کوردی (ئەلفوبێی لاتینی و ئەلفوبێی ئارامی) چاپ و بڵاوکرایەوە.

مۆڵەتی گۆڤاری هاوار لە ڕۆژی دووشەمەی ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٣١ /٣ی گەڵاڕێزان (خەزەڵوەر) لە دیمەشقی پایتەختی سوریا وەرگیراوە. بەپێى مۆڵەتەکە گۆڤاری هاوار مانگی ٢ جار ده‌ردەچێت. جگە لەوەی بە زمانی کوردی دەدرچێت بۆی هەیە بابەتەکانی بە زمانەکانی عەرەبی و فەرەنسیش بڵاو بکاتەوە.

بارەگاى سەرەکیى گۆڤارەکە لە شارى دیمەشقى پایتەخى سوریا بوو و لە چاپخانەی ترەقیی دیمەشق چاپکراوە.

وەکو پێناسەیەک و ئامانجی گۆڤاری هاوار لە ژمارەی یەکی گۆڤارەکەدا نووسراوە:

هاوار دەنگی زانینە، زانین خۆناسینە

خۆناسین بۆ ئێمە ڕیگەخۆشکەری خۆشبژی و خۆشییە

هەرکەسێک خۆی نەناسێت ناتوانێت خۆی بناسێنێت

هاواری ئێمە پێش هەموو شتێک بوونمان و زمانمان دەناسێنێت

چونکە زمان مەرجی لە پێشینەی بوونە

(جه‌لاده‌ت عەلی به‌درخان)، هاوار ژمارە ١ ساڵی ١٩٣٢

گۆڤاری هاوار بە رێنووسی لاتینى و ئارامی و زمانی فەرەنسی

گۆڤاری هاوار لە مێژووی رۆژنامەگەریی کوردیدا به‌ یه‌كه‌م گۆڤاری كوردی داده‌نرێت، كه تاوەکو ٢٣ی ژمارەى گۆڤارەکە بە هەر دوو شێوە نووسینى لاتینى و ئارامی چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

لە گۆڤاری هاوار دا و بۆ یەکەمیجار لە مێژووی کورددا زمانی کوردی بە پیتی لاتین نووسراوە. بۆیە جێیەکی تایبەتی هەیە لە بەرەوپێشچوونی زمانی کوردی دا و بووەتە بناغەیەکی گرنگ بۆ نووسینی کوردی بە رێنووسی لاتینی.

گۆڤاری هاوار گۆڤارێکی ئەدەبی و سیاسی بوو. لەو گۆڤارەدا قورسایی زۆر خراوەتە سەر چیرۆک و هەڵبەست بە زمانی کوردی. بابەتی هەلبژاردەی ئەدەبیانی کوردی و چەندین لێکۆڵینەوە و چیرۆک و بابەتى سیاسیى و وتاری تیادا بڵاوکراوەتەوە. بەو شێوەیە هاوار بووە سەرچاوەیەک بۆ فێربوونی نووسینی کوردی بە پیتی لاتین و بووە ڕەوتێک و قوتابخانەیەک بۆ خزمەتی زمانی کوردی.

گۆڤاری هاوار لە ژمارە یەکەوە هەتا ژمارە ٢٣ بە هەردوو رێنووسی پیتی ئارامی و پیتی لاتینی بڵاودەبویەوە. لە ژمارە یەکەوە تاوەکو ژمارە ٤ی گۆڤارەکە ٤ لاپەڕەى بە زمانی فەرەنسی بڵاودەکرایەوە. لە ژمارە ٢٤ بەدواوە تەنیا بە پیتی لاتین چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

نووسەرانى گۆڤاری هاوار

 لە ژمارەکانی سەرەتای گۆڤاری هاواردا زیاتر نووسینی جەلادەت بەدرخان و کامەران عەلی بەدرخانی برای و جەلال عەلی بەدرخانی برای تیایدا بڵاوبوونەتەوە. لە ژمارە ٤ بەدواوە زۆر ناوی دیکە هاتنە ناو گۆڤاری هاوار کە دواتر بوونە ناوی بەرز لە ئەدەبیاتی کوردی.

لە گۆڤاری هاواردا ئەم نووسەرانە بابەتیان بڵاوکردووەتەوە، جەلادەت به‌درخان، عوسمان سه‌بری، قه‌دریجان، جگه‌رخوێن، مسته‌فا بۆتی، ئەحمه‌د نامی، حه‌سه‌ن هۆشیار، بشارێ نێروان، ره‌شید كورد، گۆران، تۆفیق وه‌هبی، عەبدولخالق ئە‌سیری، شاكر فه‌تاح، هه‌ڤیندێ سۆری، پیرۆت، لاوه‌كی كورد، جه‌لال عه‌لی به‌درخان، ره‌وشه‌ن به‌درخان، دكتۆر كامه‌ران عه‌لی به‌درخان، نووره‌دین زازا، لاوێ فه‌ندی و قه‌درێ جه‌مال پاشا و سوبحی دیاربەکری.

١١ ساڵ تێکۆشانی رۆژنامەوانى و زمانەوانی لە گۆڤاری هاوار دا

گۆڤاری هاوار ٥٧ ژمارەى لێ بڵاوکرایەوە. دوا ژمارەی گۆڤارەکە، کە ژمارە ٥٧-ە لە رۆژی ١٥ى ئابی ١٩٤٣ / ٢٣ی گەلاوێژ بڵاوکراوەتەوە و دوای نزیکەى ١١ ساڵ لە چاپ و بڵاوکردنەوە گۆڤارەکە داخراوە، کە بە گشتى ٥٧ ژمارەى لێ دەرچووە و هەموو لاپەڕەکانى ئەو ٥٧ ژمارەیە کۆکراوەتەوە و کردویەتی ٨٠٨ لاپەڕە لە ئەندازەى لاپەڕەى گۆڤار دا.

گۆڤاری هاوار و کاریگەرییەکەی و رۆژی جەژنی زمانى کوردی

لەبەر کاریگەریى ئەو گۆڤارە بەسەر زمانى کوردى و پێشخستنى زمانى کوردییەوە، ڕۆژى ١٥ى ئایار / ٢٥ی گوڵان (بانەمەڕ) ڕۆژى دەرچوونى یەکەم ژمارەى ئەو گۆڤارە کراوە بە ڕۆژى جەژنی زمانى کوردی.

لە ساڵى ١٩٩٨دا هەموو ژمارەکانى گۆڤارى هاوار لەلایەن فەرات جەوهەریى-یەوە کۆکراوەتەوە و لە چاپ و پەخشى نودەم لە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان بە کوالیتییەکى بەرز چاپکراوەتەوە.

ر.م