تاڵانکردنى حەسکێف لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە بەردەوامە

دەوڵەتى تورکیا بەردەوامە لە تاڵانکردنى حەسێکفی ١٢ هەزار ساڵ. ئەمڕۆش گۆڕێکیتری دێرین و مێژوویى لە حەسکێف لە شوێنەکەى خۆى هەڵکەنرا و بردیان بۆ شوێنێکى تر.

حەسێکف بە مێژووی ١٢ هەزار ساڵەوە و بە هۆی دروستکردنى بەنداوی ئیلی سوو-ەوە وێران دەکرێت و شوێنەوارە مێژووییەکانى دەگواسترێنەوە بۆ شوێنى تر.

یەکێک لە گۆڕە مێژووییەکانی حەسکێف لە زەوییەکانى ئیمام عەبدوڵادا بوو. ئەو گۆڕەیان هەڵکەند و بردیان بۆ ئارکیۆپارک. ئەو گۆڕەیان بە ٣٧ رافیعەى هایدرۆلیک و ئۆتۆمبێلێکى جۆری (SPMT)، کە ٢٥٦ تایەی هەیە بردووە بۆ شوێنێکى تر.

لە کاتى گواستنەوەکەدا پۆلیس و جەندرمە ناوچەکەیان گەمارۆدا بوو.

موراد دادگەڤیرەن جێگرى بەرێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى ئاو و هەلی کاری ئاوی رایگەیاند "لە حەسکێف ٥ شوێنەوار هەڵدەکەندرێن و دەگواسترێنەوە بۆ شوێنى تر. کارەکەمان لێرە بەردەوامیى دەبێت. مزگەوتى قزلار، مزگەوەتى سولەیمان خان، مزگەوتى کۆچ، مزگەوتى رەزاق، دەرگاکانى ناوەوە و هەندێک شوێنەواری ترى گرنگی مێژوویى و بیناسازی بوونیان هەیە. هەندێکیان لە شوێنى خۆیان هەڵدەکەندرێن و دەگواسترێنەوە بۆ شوێنى تر و هەندێکیشیان دەپارێزرێن. کارەکانیشمان بۆ پاراستنى ئەشکەوتەکانى دۆڵی دیجلە بەردەوامن".

 مەنارە و بەشەکانى تری شوێنەوارە مێژووییەکانی زەیى ئیمام عەبدوڵا لە چەند رۆژى داهاتوودا لە شوێنى خۆیان هەڵدەکەندرێن و دەبرێن بۆ شوێنى تر.

ر.م