خوێندکارانی ئارام تیگران لە کۆبانێ پەروەردەی موزیک پێشکێش دەکەن

نورشین و پەروەین دوو خوشکی خەڵکی کۆبانین. ئەو پەروەردەیەی کە لە کۆنسەرواتواری ئارام تیگران لە سەر ئالەتی موزیکی ڕۆژهەلات و ڕۆژئاوا بینیویانە، لە ئێستادا لە کۆبانی پێشکێش بە منداڵان دەکەن.

باپیری نورشین و پەروین بە هۆی ئەوەی بەشداری لە قڕکردنی ئەرمەنەکان لە ساڵی ١٩١٥ نەکرد، کۆچبەر بوو. بنخەت (ڕۆژئاوای کوردستان)ی وەک جێگەیەکی ئارام بینی و ڕووی لەو پارچەیەی کوردستان کرد، بەڵام دوای سەد ساڵ کە هەوڵی قڕکردنی نەوەکانی درا، ئەم جارە کۆچبەری پێچەوانە بووەوە، نەوەکانی لە کۆبانێ ڕوویان کردە شاری وانی باکووری کوردستان.

کاتێک چەتەکانی داعش بە پشتگیری دەولەتی تورک هێرشیان کردە سەر کۆبانێ، خیزانی نورشین و پەروین کۆچی وانی کرد، ئەو جێگەیەی کە پێشتر باپیریان لێیەوە کۆچی کۆبانی کردبوو. نورشین و پەروین ماوەیەک لە ناوەندی چاندی میزۆپۆتامیا (نەچەمە – NÇM) لە وان دەستیان بە پەروەردەی موزیک کرد. بەڵام بۆ ئەوەی پەروەردەیەکی باشتر ببینن، ڕوویان کردە شاری ئامەد.

نورشین ساڵح

لە کۆنسەرواتواری ئارام تیگران لە ئامەد، نورشین پەروەردەی کەمان و پەروینیش پەروەردەی سەنتووری بینی. دوای ئەوەی شارەوانیەکان دەستبەسەرکران و قەیوم لە جێگەیان دانرا، کۆنسەرواتواری ئارام تیگران داخرا و ناوەندێکی دیکە کرایەوە و نورشین و پەروین لەو ناوەندە نوێیە دەستیان بە خوێندن کرد.

نورشین و پەروین مانگێک لەمەوبەر بۆ کۆبانێ گەڕانەوە و لە ناوەندی چاند و هونەری باقی خدۆ دەستیان بە پەروەردەی موزیک کرد.

نورشین و پەروین بۆ ئاژانسەکەمان باسیان لە پڕۆژەکانیان کرد و ڕایانگەیاند، ئەوان بۆ شۆڕشی کلتوری کار دەکەن.

نورشین ساڵح وتی، "باپیری بۆ ئەوەی بەشداری لە قڕکردنی ئەرمەنەکان نەکات، لە وان کۆچبەر بوو، بەڵام دوای سەد ساڵ جارێکی تر بۆ وان گەڕانەوە."

پەروین ساڵح

نورشین ڕایگەیاند، دوای دەستپێکردنی شۆڕش، ئەوان لە کۆبانی لە ناوەندی چاند و هونەری باقی خدۆ دەستیان بە موزیک کرد. بەڵام دەرفەت کەم بوو و ئاماژەی بەوەدا "دوای ئەوەی کۆچمان کرد، لە ناوەندی چاندی میزۆپۆتامیا (نەچەمە – NÇM) لە وان ساڵیک پەروەردەمان بینی. دواتر بینیمان لە ئامەد دەرفەتی زیاتر هەیە و لە ئامەد دەستمان بە پەروەردە کرد. بە ڕاستی دەرفەتی باشی لێبوو. مامۆستاکانمان خەڵکی چوار پارچەی کوردستان بوون. بەڵام دوای ماوەیەک ناوەندەکەمان داخرا. خوێندکار و مامۆستاکانی کۆنسەرواتواری ئارام تیگران بە پێی دەرفەتی خۆیان کاریان دەکرد."

نورشین کە فیری کەمان و سەنتوور بوو، لە ناوەندی چاند و هونەری باقی خدۆ لە کۆبانێ وانەی کەمان دەڵێتەوە. نورشین وتی، "دەمانەوێت ئەو شتانەی کە فێربووین، نیشانی منداڵانی کۆبانێ بدەین."

پەروین ساڵحیش ڕایگەیاند، بناغەمان لێرەیە، بۆیە لە سەرەتادا کە کۆچی وانمان کرد، خەریبیمان دەکرد. بەڵام بە پشتگیری خوشکە گەورەکەی دەستی بە کاری موزیک کرد.

پەروین لە کۆنسەرواتواری ئارام تیگران دەستی بە پەروەردەی سەنتوور کرد کە ئامێرێکی ڕۆژهەڵاتیە و لە ئێستادا یەکەمین سەنتووروانی کۆبانێ یە و دەڵێت، "کاتێک دەستم بە پەروەردە کرد، مامۆستاکان ئامیرەکەیان پێناساندین. کاتێک سەنتوورم بینی، حەزم لێکرد و دەستم بە فیربوونی ئامێرەکە کرد. لە ئامەد پەروەردەیەکی باشم بینی. ئێستا دەمەوێت نیشانی منداڵانی کۆبانێ بدەم. لە ئێستادا کە کێشەی کەمی ئامێرمان هەیە، دەستمان بە پەروەردەی تیئۆری کردووە. کە ئامێرمان بە دەست گەیشت، پەروەردەکەمان باشتر دەبێت."

نورشین و پەروین کە ئاوازی چوار پارچەی کوردستان دەژەنن، لە هەمانکاتدا دەیانەوێت موزیکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە ئاهەنگێکدا کۆبکەنەوە و بە یەکەوە بیژەنن.

ف.ق