رێگە نەدرا فیلمی "لە پێناو ئازادیدا" لە سینەما سالمی شاری سلێمانی نمایش بکرێت

دای ئەوەی بڕیار بوو فیلمی "لە پێناو ئازادیدا" لە شەوی سەری ساڵدا لە سینەما سالمی شاری سلێمانی نمایش بکرێت، بە پاساوی 'ئاسایش و ئارامی شار' لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بڕیاری قەدەغەکردنی درا.

لە بارەی قەدەغەکردنی فیلمی "لە پێناو ئازادیدا" ئیدارەی سینەما سالم روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد کە تێیدا هاتووە:

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی

دوای ئەوەی بڕیار بوو سینەما سالم لە شەوی سەری ساڵدا (٣١\١٢\٢٠١٩)، فیلمی ''لەپێناو ئازادیدا''، لە دەرهێنانی ئەرسین چەلەک نمایش بکات، ئەمڕۆ، دووشەممە (٣٠\١٢\٢٠١٩)، ''بە پاساوی ئاسایش و ئارامیی شار''، لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئاگادار کراینەوە کە ''نابێت ئەو فیلمە نمایش بکرێت''.

ئەمە لە کاتێکدایە، نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا و لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، سینەما سالم بە هۆی نمایشی دوو فیلمی ترەوە، ڕووبەڕووی ڕێگری و داخستن بووەوە.

لە کاتێکدا ئێمە ڕاگۆڕینەوە و ڕاوێژمان لەگەڵ زۆرێک لە بەرپرسە ئیداری و ئەمنییەکانی سلێمانی کردووە و ئەوانیش هەمان ڕای ئاسایشی سلێمانییان هەیە کە فیلمەکە نمایش نەکرێت، پێمان وایە ڕێگرتن لە هونەر و سینەما، هیچ بیانوویەک قبووڵ ناکات، تەنانەت ئەگەر ئاسایش و ئارامییش بێت. ئەرکی هونەر و سینەما جگە لە دروستکردنی هۆشیاری لە ڕێگەی ئیستاتیکاوە، هیچی تر نییە؛ لە کاتێکدا فیلمی ''لەپێناو ئازادیدا'' گێڕانەوەی ڕووداوێکی گرنگی مێژوویی نیشتمانەکەمانە و لە ڕووی هونەرییەوە لە ئاستێکدایە، لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانی بەشداریی کردووە. ئێمە پێمان وابوو ئەرکی هەموومانە لە باشوور، پشتیوانیی لەم فیلمە بکەین و بتوانین پێکەوە بۆ یەکەم جار بیخەینە سەر شاشەی سینەما، تا هاونیشتمانییان بیبینن و لە ڕێی هونەر و سینەماوە، ئاگاداری ئەو مێژووە گرنگە بن.

دوای ئەم مامەڵە میلیتارییەی تەنانەت لەگەڵ هونەریشدا دەکرێت، کە ئاسۆکانی ئازادیی ڕادەربڕین و بیرکردنەوەی فەزای گشتی تاریکتر دەکات، ئەم پرسیارە بۆ ڕای گشتی جێ دەهێڵین: فیلمێک کە لە هەموو دنیا نمایش دەکرێت، بۆ لە نیشتمانەکەی خۆیدا نمایشی قەدەغەیە؟

تاکە چەکی ئێمە، هونەر و سینەمایە و هێشتایش بە ئیرادەی یەکەم ڕۆژی کارکردنمان، بە شێوازی تر بەردەوام دەبین.

هەر بەم بۆنەیە لە ٩/١/٢٠٢٠ کاتژمێر ۲.۳۰ گفتوگۆیەکی کراوە ڕێک دەخەین لەسەر سانسۆر و لەمپەر خستنە بەردەم ئازادییەکان

لە پایتەختی ڕۆشنبیری وهەر لێرەوە بانگهێشتتی هەموو ڕۆشنبیران و سینەماکاران و ڕۆژنامەنووسان و بەرپرسانی شار دەکەین کە بەشدار بن لەم گفتوگۆ کراوەیە.

سینەما سالم

٣٠\١٢\٢٠١٩

فیلمی لە پێناو ئازادی، کە بە شێوەزاری کرمانجی ژوورووە و ژێرنووسی سۆرانی بۆکراوە، لە دەرهێنانی دەرهێنەر ئەرسین چەلیک-ە، باس لە تێکۆشان و بەرخۆدانی ١٠٠ ڕۆژەی گەلی کورد لە شارۆچکەی سووری پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان دەکات، کە لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ گەل، ڕووبەرووی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بوونەوە.

فیلمەکە لە کەسایەتی و ڕووداوی ڕاستەقینەی ئەو تێکۆشانە وەرگیراوە و خۆی دەسپێرێتە چیرۆکە ڕاستەقینەکانی ناو سووری ئامەد، کە چیرۆکی بەرخۆدانی کۆمەڵیک گەنج دەگێڕێتەوە کە لە دژی سوپایەک کۆڵانەکەی خۆیان دەپارێزن.

ئەم فیلمە سینەماییە لە ڕۆڵی گیانبەختکردووان و گێڕانەوەی ڕزگاربووانی ڕووداوەکە وەرگیراوە و ئەو کەسانەی کە ڕۆڵ دەبنین تێیدا، کەسانی هەرێمی و خەڵکی ئاسایین کە هیچ کاری نواندنیان نەکردووە، هەروەها لە شاری کوبانێی ڕۆژئاوای کوردستان و لە کاتی شەڕی سەختی ڕەقە و لە چەند شوێنێکی دیکەی ڕۆژئاوا بەرهەم هاتووە کە نزیکەی سێ ساڵی خایاندووە.

ناوەرۆکی فیلمەکە باسی بەرخۆدان، خۆڕاگری، هەبوونی کورد و شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی ئەوکاتە، کە لە میدیاکانی جیهان کەس باسی سووری ئامەد و ئەو تێکۆشانە و زوڵمی دەوڵەتی تورکیان نەکرد، فیلمەکە دەیەوێت ئەو تێکۆشان و قارەمانیەتییە بە دونیا بگەیەنێت.

فیلمی سینەمایی لە پێناو ئازادی، لە مانگی ١١ لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هند بۆ جاری یەکەم نمایش کرا، بڕیاریشە کۆتایی ئەم مانگەش لە شاری سلێمانی لە سینەما سالم لە کاتژمێر ٠٦:٠٠و ٠٩:٠٠ی ئێوارە نیشان بدرێت، هەروەها بریارە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو لە ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆتێردامی وڵاتی هۆڵەنداش نمایش بکرێت.

ز.ش