ساڵی ژنان لە کان

ژنان ماوەی ٧٠ ساڵە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کان'دا بەگوێرەى پێویست جێگە و پێگەیان پێنەدراوە، بەڵام ئەمساڵ وەک ئەوەی تۆڵە بکەنەوە چوونە سەر تەختە.

ژنان ماوەی ٧٠ ساڵە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کان'دا بەگوێرەى پێویست جێگە و پێگەیان پێنەدراوە، بەڵام ئەمساڵ وەک ئەوەی تۆڵە بکەنەوە چوونە سەر تەختە.

ئەمشەو، ٧١هەمین فێستیڤاڵی فیلمی کان بە مەراسیمی دابەشکردنی خەڵات کۆتایی دێت. لە فیستیڤاڵی ئەمساڵدا سێ فیلم بەشدارن کە دەرهێنەرەکانیان ژنن و پێشبڕکێی بردنەوەی خەڵاتی زێڕین دەکەن.

ژنان لە فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی کان، هەر وەک ئەوەی تۆڵە بکەنەوە چوونە سەر تەختە. گەرچی لەمدواییانەدا بەپێێ دەرفەتە ڕەخساوەکان بەشێک لە ژنانی بەشداربووی کان ناڕەزایەتییان نیشان دابوو، بەڵام ئەو چالاکیانە هەموو کات لاواز بوون. ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی سەرۆکی فێستیڤاڵەکە ژن بوو، چالاکیى باشتر ئەنجامدران. بەو شێوەیەش ژنان مۆری خۆیان لە چالاکییەکان دا.

٨٢ ژن دەستیان خستە ناو دەستی یەکتر و بەسەر فەرشی سووری فیستیڤاڵەکەدا ڕێیان پێوا. ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک بوو دژ بە هەڵوێستی فێستیڤاڵی کان. هۆکاری هەڵبژاردنی ٨٢ ژنیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە مێژووی ٧٠ ساڵەی ئەو فێستیڤاڵەدا ٨٢ فیلم نیشاندراون کە دەرهێنەرەکانیان ژن بوون. لەبەرامبەریشدا ٦٨٨ فیلم نیشاندراون، کە دەرهێنەرەکانیان پیاو بوون. بە گشتیی ٧١ دەرهێنەری پیاو خەڵاتیی زێڕینیان بردووەتەوە و تەنها ساڵی ١٩٨٦ دەرهێنەری ژن جەین کەمپییەن ئەو خەڵاتەی بەدەستهێنا. ئەو بێبەشکردنەش بووە هۆی ئەنجامدانى ئەو چالاکییە. بێگومان هەموو ساڵێک لە پۆلێنکارییەکاندا فیلمی ژنان نیشان دەدرێن، بەڵام کاتێک دێتە سەر مەسەلەی خەڵات دابەشکردن، پیاوان خەڵاتەکان لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن و ژنان بێبەش دەکەن. تووڕەیی ژنانیش بەو هۆیەوەیە. ئەمساڵ لەو فیلمانەی ژنان کە نیشاندراون، سیانیان لە پێشبڕکێی بردنەوەی خەڵاتی زێڕیندان.

ژنان شایستەی مافەکانیان

گەرچی لە لیژنەی بڕیاردان ٥ ئەندامیان ژنن و بۆ ئەوەش دەوترێت کە 'هەرچۆنێک بێت یەکێک لە فیلمەکانی ژنان خەڵاتێکی بەردەکەوێت"، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت لە ئەنجامەکە دڵنیا بێتەوە. ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر فیلمی ژنان بەشدارن، کە شایستەی خەڵاتی زێڕین'ن. جگە لەوەش لە پۆلێنکاریەکاندا ئەو فیلمانە نیشان دەدرێن کە دەرهێنەرەکانیان ژنن یان باس لە پرسی ژنان دەکەن.

لەگەڵ فیلمی دەرهێنەری فەرەنسیی ئێڤا هوسۆن بەناوی کچانی رۆژ (Gîrls of Sun) کە باس لە تێکۆشانی ژنانی کورد دژ بە داعش دەکات، فیلمی خانمە دەرهێنەری لوبنانی نادینە لاباکی بەناوی 'کافارنەوم' (Capharnaum) و فیلمی خانمە دەرهێنەری ئیتاڵی ئالیس رۆرواکر بەناوی 'لازارۆ فلیس'  (Lazzaro Felice)یش لە پیشبڕکێی بردنەوەی پشتێنەی زێڕیندان.

جگە لەو فیلمانەش، فیلمەکانی دەرهێنەری سووری کە لە پاریس دەژی 'گایا جیجی' بەناوی 'مۆن تیسیو پری فێری (Mon Tissu Préféré) و دەرهێنەری مەغریبی مەریەم بێن موبارەک بەناوی 'سۆفیا' لە پێشبڕکێی بردنەوەی خەڵاتدان. لەهەمان بەشدا فیلمی 'مانتۆ' کە هی خانمە دەرهێنەری هیندستانی  ناندیتا داس'ە و فیلمی 'رافیکی' خانمە دەرهێنەری وڵاتی کینیا وانری کەهیون بەشدارن.

لەو فیلمانەدا، هەرچەند وڵات و جوگرافیا جیاوازن، بەڵام بابەت و کێشەکان یەکن. هەژاری، گوشار لەسەر ژنان، جیاوازیی ڕەگەزیی و سەردەستیی پیاو دەخەنەڕوو و ڕەخنەیان لێ دەگرن.

ر.م