لە سلێمانی هونەرمەند ئیسماعیل سابور كۆچی دوایی كرد

لە شاری سلێمانی پاش ئەوەی بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، هونەرمەندی ناسراوی کورد ئیسماعیل سابور كۆچی دوایی كرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ هونەرمەند ئیسماعیل سابور هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناسراوی کوردستان باری تەندروستی تێکدەچێت و ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی دەکرێت.
ڕاگەیەندرا، سابور کە دووچاری جەڵدەی دڵ ببوو و بە گەیشتنی بە نەخۆشخانەی شار براوەتە ژووری چاودێری و بەڵام هەموو هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردی ژیانی بێئاکام بوون و دەرەنجام لە تەمەنی ٦۳ ساڵیدا کۆچی دوایی كردووە. 

هونەرمەندی کۆچکردوو ناو و پاشناو و ناسناوی تەواوی (ئیسماعیل محمد ساڵح ناسراو بە سابور)ە و لە ساڵی ۱۹٥٦ی زاینی لە شارۆچکەی نەوسودی هەرێمی هەورامان کە لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای كرماشانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە لە دایك بووە.
سابور لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا تێکەڵی جیهانی گۆرانی و هونەری کوردی دەبێت و بە هۆی دەنگ خۆشەکەی و ستایلە ناوازەکەی بەزوویی ناو و ناوبانگی بە کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە و دەبێتە یەکێک لە گۆرانیبێژە هەرە دیارەکانی کوردستان.

ئیسماعیل سابور خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی لە کرماشان و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی لە ساڵی ۱۹۷۹ی زاینی لە تاران تەواو کردوە. کۆچکردوو لە دەستپێکی کاری هونەریەوە تا ئەو کاتەی کۆچی دوایی کردووە نزیکەی ۱۱۰ گۆرانی ناوازەی تۆمارکراوی هەبووە.

سابور لە ساڵی ۲۰۰۳ ڕووی کردووەتە شاری سلێمانی باشوری کوردستان و نزیکەی ۱٦ ساڵ و تا کۆچی دوایی لەوێ مایەوە. سابور لەو ماوەی لە باشور بووە بەشێوازی جودا سەرقاڵی کاری هونەری بووە و لەوێش ئەلبوومی بیرەوەی بڵاوکردووەتەوە کە چەندین تراکی لە خۆگرتووە و هاوکات کلیپی بۆ چەند گورانییەکی کردوە.

 

 

هـ.هـ