لە ڤاتیکان چالاکیى هونەری بۆ حەسکێف رێکخرا

دەستەیەک لە هونەرمەندان لە دژی لەناوبردنى حەسکێفی مێژوویى لە ڤاتیکان چالاکیی هونەرییان ئەنجامدا.

هونەرمەندانى تیپی " Compagnie bien à vous Armanc Kerborani" لە ڤاتکیان-ی پایتەختى جیهانى مەسیحییەکان چالاکییەکى هونەرییان ئەنجامدا و دیمەنەکانى چالاکییەکە لە توڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە.

ئەو تیپە هونەریە پێشتریش بە پشتیوانیی هونەرمەندی وێنەکیش و رۆژنامەنووس زەهرا دۆغان لە رۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩ / ٦ی پووشپەڕ لە بەردەم مۆزەخانەى پاریس و رۆژی ١٣ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٢٢ی پووشپەڕ لە مۆزەخانەى پێرگامۆن-ی بەرلین چالاکیى هونەرییان بۆ حەسکێف ئەنجامدابوو.

تیپی " Compagnie bien à vous Armanc Kerborani" بارەگاکەى لە فەرەنسایە و راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، مێژووی ١٢ هەزار ساڵەى حەسکێف چەندەها باوەڕی پیرۆزی لە خۆیدا حەواندووەتەوە. لە حەسکێف شوێنەواری زەردەشتی، ئێزدی، یەهودی، مەسیحی و مسوڵمان هەیە.

راشیگەیاندووە "ئێستا هەڕەشە لەسەر حەسکێف هەیە. ئەگەر ئێمە کارێک نەکەین، شارەکە، خاکەپیرۆز و بەرهەمدارەکەی دەبن بە ژێر پرۆژەیەکى ٥٠ ساڵییەوە بە ناوی بەنداوی ئیلی سو".

 تیپەکە راشیگەیاندووە، قبوڵی ناکەین مێژووی هەزاران ساڵە بکرێت بە ژێر ئاوەوە و بۆ ئەوەش نابێت بێدەنگ بین و دەبێت لە دژی لەناوبردنی ئەو بەشە لە شارستانیەتى مرۆڤایەتى بێینە دەنگ.

 

ر.م