هونەرمەندانى تەڤ چاند یادی بێریڤان ئالپ-یان بەرز راگرت

هونەرمەندانى تەڤ چاند یادی هونەرمەند بێریڤان ئالپ-یان بەرز راگرت و بەڵێنیان دا، خەونەکەى لە پێناو تێکۆشان بۆ هونەری کوردی بەدی بهێنن.

هونەرمەندانى تەڤ چاند پەیامێکیان لەبارەى گیان لەدەستدانى هونەرمەند بێریڤان ئالپ بڵاوکردەوە. بێریڤان ئالپ رۆژی ١٤ی شوبات بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە گیانى لەدەستدا. تەڤ چاند رایگەیاندووە، ئالپ ماوەى چەندین ساڵ بوو ماڵی خۆی بەڕووی گۆرانی و مۆسیقای کوردی کردبووە.

 هونەرمەندانى تەڤ چاند راشیانگەیاندووە، بێریڤان لە تەمەنی منداڵییەوە حەز و خۆشەویستیى بۆ گۆرانی و مۆسیقای کوردی تیادا دروستبوو و لەوبارەیەوە لە پەیامەکەیاندا هاتووە "هەروەها بەبێ راوەستاندا بۆ کوردستانى ئازاد، ناسنامەى  ژنی ئازاد رەنجی دا و خزمەتى کرد. ئەو لە گۆڕەپانی هونەریشدا شوێنکەوتەى هونەرمەندی شەهید هۆزان مزگین و عایشە شان بوو. بێریڤان لە دڵ و رۆحەوە لەگەڵ خەباتی هونەریدا کاری بۆ ئەنجوومەنی ژنان و ئەنجوومەن و رێکخراوەکان دەکرد. هەڵوێست و پێداگریی لە رێگای هونەر و گۆرانی و کوردستانی ئازاد، ژنان و گەنجان ئەوەندەى تر خۆشەویست و بەڕێزی کردبوو. ئەو هەرگیز خۆی دوور لە چالاکییە هونەری و کۆمەڵایەتیەکان رانەگرت. بە حەماست و ورەیەکى بەرز و بە جلوبەرگی کوردەوارییەوە بەشداریی لە هەموو چالاکییەکاندا دەکرد.

بێریڤان سەرباری ئەوەى ئاگاداری نەخۆشییەکەى بوو، بەڵام وەک گۆرانیبێژ و بەبێ راوەستان بەشداریی شەوە ئاهەنگ و شاییەکان دەبوو. بێریڤان ٤٠ ساڵی دوور و درێژی بە هەست و رەنج لە دواى خۆی بەجێهێشت.

ئێمە وەک هونەرمەندانى تەڤ چاند بەڵێن دەدەین، کە هۆزان بێریڤان هەموو کات لە رێگاى تێکۆشانی رۆشنبیری و هونەریی دا لەگەڵمان دەژی و یادی بەرز رادەگرین. سەرەخۆشی لە کۆمەڵگەى هونەرمەندانى کورد دەکەین، سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەى دەکەین و سەبر و ئارامییان بۆ دەخوازین".

ژ.ت