هونەرمەندانی کورد بە گۆرانیەک بانگەوازیەکیان بڵاو کردەوە: خۆت مەکوژە!

هەر یەک لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی کوردستان حەکیم سەفکان، خەلیل خەمگین، بەنگی ئاگری، پەیمان ئارژین و ژیان عوسمان کە لە ژێر چەتری تەڤ-چاند کاروچالاکیەکانیان بەڕێوە دەبەن، گۆرانیەکیان بە ناوی 'خۆت مەکوژە' بڵاو کردەوە.

هەڵبەستی ئەو بەرهەمە لە لایەن هونەرمەند حەکیم سەفکان و ئارانژەکەشی لە لایەن هەنەرمەند مەمۆ یاپشترانەوە ئامادە کراوە، دوێنی بۆ یەکەم جار لە تەلەفیزیۆنی مەد موزیکدا بڵاو کرایەوە.

 کلیپی گۆرانیەکەش بریتیە لە دیمەنی گەریلاکانی هەپەگە و پێشمەرگەکانی باشوری کوردستان کە شان بە شانی یەکتر لە دژی داعش دەجەنگن.

هونەرمەند حەکیم سەفکان لە سەر ئەو بەرهەمە لێدوانێکی کورتی بڵاو کردەوە و وتی، لەو بەرهەمەدا گرنگیەکی زۆری نەداوەتە میلۆدی و موزیکی گۆرانیەکە، چونکە ئەو بەرهەمە وەکو پەیامێک بڵاو دەکەنەوە.

هونەرمەند سەفکان هەروەها وتی:"بۆ من هیچ جیاوازیەکی نیە، چی بە گولە برای خۆت بکوژی یان بە قسە. چی لە سەنگەری شەڕدا برای خۆتت کوشت، یان سەنگەری سیاسەت.

چی بە تەقاندنەوە، ماڵی برای خۆتت رووخاند، یان بە بێبەختی و قسەی ناڕاست. وەکو ئەوە وایە کە بە کردەوەکانت، براکەت شکەست دەخوات و دوژمنەکەت سەردەکەوێت. کوشتنی برای تۆ لەمڕۆدا، ئامادەکاریە بۆ کوشتنی تۆ لە سبەینێدا. سوپاسی خۆم ئاڕاستەی هەموو کەسێک دەکەم کە رەنجیان داوە."

شایەنی باسە دوای قۆناغی داگیرکردنی سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان، دەستپێشخەری هونەرمەندانی کوردستان خەباتێکی گەورەیان بۆ بونیادنانی یەکێتی نەتەوەیی کورد دەست پێکردووە.

ز.ش