گرووپێکی شێوەکاریی شاری کەرکووک كار بۆ پێكه‌وه‌ژیان ده‌كات

لە کەرکووک گەنجانی خۆبەخش ئه‌و وێنانه‌ ده‌كێشن كه‌ گوزارشت له‌ پێکەوەژیانی گه‌لان ده‌كه‌ن.

له‌ شاری كه‌ركووكی باشووری كوردستان گرووپێكی شێوه‌كاری دامه‌زراوه‌ و له‌ ڕێی كاره‌كانیانه‌وه‌ هه‌وڵی به‌هێزكردنی ڕۆحی پێكه‌وه‌ژیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌ده‌ن. 

چنار کەرکووکی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی گرووپه‌كه‌یه‌ و بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی گوت: «ئێمە وەکو دامەزراوەیەکی خۆبەش بەناوی کۆکار ئەم چالاکییەمان ئەنجامدا کە ماوەی شەش مانگە دەستمان پێکردووە. لەژێر ناونیشانی [با شارەکەمان ڕه‌نگاوڕه‌نگ بکەین] من و هاوڕێکانم وەکو خۆبەخش حەزمان کرد شارەکەمان جوانتر بکەین تا باشتر پێشکەوێت.»

شاڵاو ئەحمەد ئه‌ندامی گرووپه‌كه‌ گوتی: «مەبەست لەم کارانەمان ئەوەیە ئەو شوێنانەی سیمایەکی ناشرینیان هەیە، سیمایەکی ڕه‌نگاوڕه‌نگیان بۆ بگه‌ڕێنینه‌وه‌ و شارەکە زیندوو بكه‌ینه‌وه‌.» گوتیشی، «پێویستە هەموو لایەنەکان بەشداربن لەم چالاکییە تا وێنەکانمان جوانتر دەرچێت و سیمای پێکەوەژیان پیشان بدات. کاتێک هاوڵاتیان ئەم وێنانە دەبینن هەندێک سترێس لەسەریان لادەچێت.»

محەمەد عەبدولخالق یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ خۆبه‌خشانی گرووپه‌ شێوه‌كارییه‌كه‌. به‌ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF)ی گوت، «له‌ چالاكییه‌كه‌ماندا چەندین خۆبەخشی نەتەوەجیاوازەکانی شاری کەرکووک بەشدارن. شەش بۆ حەوت مانگ لەمەوبەر دەستمان پێكرد. دوای ئەوەی هه‌ستمان کرد شارەکەمان ڕه‌نگی خۆڵی گرتووە، بریارمان دا شارەکەمان ڕەنگاوڕەنگ بکەین.»

s.m