بۆ ئەوەی بە ئازادی گۆرانی بڵێت رووی کردە باشووری کوردستان

هونەرمەند کەمال عەبدوڵا چەندین ساڵ بوو لەگەڵ کەمانچەکەی لە شەقامەکانی تاران گۆرانی پێشکەش بە خەڵک دەکرد، بە هۆی ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم مۆسیقا، روویکردووەتە باشووری کوردستان و ئێستا لە شەقامەکان موزیک دەژەنێت.

کەمال عەبدوڵا خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە. ئێستا لە شاری سلێمانی بە کەمانەکەیەوە گۆرانیە تازە و کۆنەکان پێشکەش بە خەڵک دەکات. کەمیش بێت، بەڵام بژێوی کەمال لەسەر ئەو کارەیە، بەلای ئەوەوە دڵخۆشی ئەو خەڵکەی گوێی لێدەگرن لە سەروو هەموو شتێکەوەیە. کەمال هەر لە تەمەنی کەمەوە لەناوەندێکی هونەری فێری کاری هونەر ببوو. دواتر لە زانکۆ بەشی ئینگلیزی تەواو دەکات. پاشان دەچێتە تاران و لەگەڵ هاوڕێکانی کاری موزیک دەکات.

لە شەقامەکانی تاران دەستی بە کاری هونەری سەرشەقام کرد

کەمال عەبدوڵا لە تاران دەبینێت کە ژمارەیەکی زۆر هونەرمەند و ژەنیار لەشەقامەکان کاری هونەری دەکەن، ئەمە سەرنجی ئەوی راکێشا و ئەویش لە شەقامەکانی تاران دەیوێت هونەرەکەی بۆ خەڵک نمایش بکات. عەبدوڵا نزیکەی ٦-٧ ساڵ بەم جۆرە لەشەقامەکان هەندێک جار لەسەر داواکاری و هەندێک جاریش بە دڵی خۆی مۆسیقای ژەنیوە.

'بە موزیک خەمی دڵیان دەڕەوێننەوە'

کەمال عەبدوڵا ماوەی دوو ساڵە لە شەقامەکانی سلێمانی شاری هونەر و رۆشنبیری لەبەر دەرکی سەرا بە کەمانەکەیەوە دڵی خەڵک خۆش دەکات. کەمال بە پێشوازی خەڵک زۆر دڵخۆشە. کەمال عەبدوڵا وتی، "هەموو کەس بە موزیک خەمی دڵیان دەڕەوێننەوە". کەمال عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو کە لەسەر ئەو کارە بەردەوام دەبێت، هەرکەسکە دێت و داوای گۆرانییەک دەکات ئەو بۆی دەژەنێت و بۆی دەچڕێ، ئەمەش بۆ ئەو هەموو شتە".

                                   

بۆ ئەوەی بە ئازادی گۆرانی بڵێت رووی کردووەتە باشووری کوردستان

کەمال عەبدوڵا رایگەیاند، کە لەبەر هەندێک ئاستەنگی لەتارانەوە رووی کردووەتە باشووری کوردستان و وتی، "نەماندەتوانی بە ئازادی لە شەقامەکان موزیک بژەنین. لەبەر دەسەڵاتی ئاینی و هەندێک رێگریی و ئاڵۆزی هەبوون، من ویستم لێرەش ئەزمونێک بکەم بۆ ئەوەی بزانم ئەزمونی هەرێم چۆن دەبێت. بینیم باشە و لەبارە".

کەمال عەبدوڵاباسی لەوەکرد، کە ماوەیەکە گوزەران و بژێوی ئەو لەسەر ئەم کارەیە، بەمە ژیان بەڕێ دەکات.

هـ . ب