"لە دژی تواندنەوە و پاکتاوکردن خاوەنداری لە رۆشنبیریی کورد دەکەین"

هونەرمەندانی تەڤ چاند لەبارەی ٧هەمین کۆنفرانسی تەڤ چاندەوە رایانگەیاند، لە دژی تواندنەوە و پاکتاوکردن خاوەنداری لە رۆشنبیری و کولتوری کورد دەکەن.

بزووتنەوەى رۆشنبیری و هونەری (تەڤ چاند / TEV-ÇAND) لە رۆژانی ٢١ – ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە بەشداریی ٩٣ ئەندام، ٧هەمین کۆنفرانسی خۆی ئەنجامدا. هونەرمەندانی تەڤ چاند لەسەر کۆنفرانسەکەیان رایانگەیاند، زۆر گرنگە کۆنفرانسەکەیان لە کاتی هەڵمەتی "کات کاتی ئازادییە" بەڕێوەچوو.

کوردێ تەڤیا لە هونەرمەندانی تەڤ چاند رایگەیاند، کۆنفرانس بە جۆش و خرۆشێکی زۆر گەورە بەڕێوەچوو. راشیگەیاند، لە دژی  سیاسەتەکانی پاکتاوکردن و تواندنەوە نەک تەنها لە رووی هونەرەوە، بەڵکو لە هەموو رووەکانەوە تێدەکۆشن.

هونەرمەند گۆرسێ مەرەتۆ وتی، هێرشی داگیرکەری بۆ سەر هەر چوارپارچەى کوردستان هەیە و هەم لە رووی سیاسی و هەم لە رووی کۆمەڵگەوە تێکۆشانێکی گەورە لە دژی ئەو هێرشانە هەیە. مەرەتۆ وتیشی، لەم کاتەدا کە ئەو هەموو هێرشە قورسانە ئەنجام دەدرێن، بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی کۆنفرانسی تەڤ چاند بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە زۆر گرنگە. ئەوەشی وت، هونەرمەندان لە ژێر چەتری تەڤ چاند دا لەبەردەوامیی کارەکانیاندا بەردەوام دەبن لە ئافراندنی بەرهەمی رۆشنبیری و هونەری.

ئەکین رۆنی یەکێکی ترە لە هونەرمەندانی تەڤ چاند و باسی ئەوەیکرد، لە کۆنفرانسدا گفتوگۆی بەرفراوان کرا و وتی، هێرش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامیی دەبێت و هێرشەکانیش تەنها جەستەیی نابن، بەڵکو لە هەمان کاتدا هێرشی ئایدۆلۆژیکیشین. ئەکین باسی ئەوەشیکرد، سیستمی کاپیتالیست هونەر بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار دەهێنێت و وتیشی، "هێزە باڵادەست و زاڵەکان بۆ ئەوەى کۆمەڵگە بتوێننەوە، هونەر بە شێوەیەکی خراپ بەکار دەهێنن. بۆ نمونە، کاتێک مرۆڤ سەیری کولتور و رۆشنبیریی کورد دەکات ئەوە دەبینێت، کە بەرهەمە مۆسیقاییە کوردییەکان بە دەربڕین و وشە و چەمکە تورکییە پووچەکانەوە سەرلەنوێ پێشکەشی کۆمەڵگە دەکرێنەوە. ئێمەش لە دژی هێرشکردنە سەر کولتور و رۆشنبیریی کورد تێدەکۆشین. بە ناوی گەلی کوردەوە لە دژی تواندنەوە و هێرشە پاکتاوکارییەکانەوە دەبێت خاوەنداری لە زمان و کولتوری خۆمان بکەین".

"هیچ هێزێک لە هونەر بەهێزتر نییە"

زۆزان قامیشلۆ هونەرمەندی تەڤ چاند ئاماژەى بەوەکرد، دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد و رۆشنبیری و کولتوری کورد هەموو جۆرە هێرشێکی چڕ و قورس ئەنجام دەدات و وتی، "گەلی کورد ساڵەهای ساڵە خاوەنداری لە کولتور و رۆشنبیریی خۆی دەکات و خۆی بە رۆژگاری ئەمڕۆ گەیاندووە. بەناوی تەڤ چاندەوە دەبێت ئێمەش لە چوارچێوەی فەلسەفەی رێبەر ئاپۆدا ئەو کولتورە بە هەموو کەسێک بگەیەنین".

خۆزان هارون هونەرمەندێکی تری تەڤ چاندە و رایگەیاند، گفتوگۆیان لەسەر بەهێزترین وەڵام بەرامبەر بە شەڕی سەر کوردستان کردووە و بڕیاری بەهێز و گرنگیان داوە.

لە کۆتایدا هونەرمەندی تەڤ چاند دەلیل دڵپاک باسی ئەوەیکرد، کۆنفرانسی تەڤ چاند بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە بەڕێوەچوو و لەبارەی کۆنفرانسەکەوە وتی، "دەوڵەتی تورک هەموو رۆژێک لە راگەیاندنەکانیدا هەڕەشە دەکات و دەڵێت، "ئێمە کۆتاییمان بە پەکەکە هێنا، نازانم چەند کەس ماوە" لە کاتێکدا کە ئەو هەموو هێرشە قورسانە ئەنجام دەدرێن، ئێمە کۆنفرانسی خۆمان بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە ئەنجامدا و وەڵامێکی جوانمان بە درۆکانی دەوڵەتی تورک داوەتەوە. دوژمن ١٠٠ ساڵە لە دژی گەلەکەمان سیاسەتی پاکتاوکردنی کولتوری و رۆشبنیری بەڕێوەدەبات، بەڵام هیچ هێزێک لە هونەر بەهێزتر نییە".

ژ.ت