لە قامیشلۆ یادی محەمەد شیخۆ کرایەوە

یەکێتیی هونەرمەندان و کۆمیتەى رۆشنبیریی هەرێمی جزیر، یادی ٣٢هەمین ساڵی کۆچی دوایی هونەرمەند محەمەد شیخۆیان کردەوە.

یەکێتیی هونەرمەندان و کۆمیتەى رۆشنبیریی هەرێمی جزیر مەراسیمی ٣٢هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند محەمەد شێخۆیان لە زانکۆی رۆژئاوا لە قامیشلۆ بەڕێوەبرد.

بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم - TEV-DEM)، یەکێتیی رۆشنبیرانی هەرێمی جزیر، ئەندامانی یەکێتیی هونەرمەندانی هەرێمی جزیر و ئەندامانی بنەماڵە و هاوڕێکانی هونەرمەند محەمەد شێخۆ بەشداری مەراسیمەکە بوون.

سەلمان ئیبراهیم ئەندامی یەکێتیی هونەرمەندانی هەرێمی جزیر باسی لە خەبات و رەنجی محەمەد شێخۆش کرد و وتی، "محەمەد شێخۆ لەو بەرەنگار و تێکۆشەرانە بوو، کە لە دژوارترین و قورسترین کاتەکانی پاکتاوکردنی کولتوری و رۆشنبیریی گەلی کورد دا هونەرمەندی گەلەکەى خۆی بوو".

غەریب حسۆ هاوسەرۆکی تەڤدەم لە یادەکەدا رایگەیاند، گەل دەتوانن لە زۆریک لە ئاست و گۆڕەپانەکاندا مێژوو تۆمار بکەن و وتی، "دەتوانرێت بە هونەر مێژوو تۆمار بکرێت و بنووسرێتەوە. مێژووی ئێمە بە کولتور و رۆشنبیرییەکەمانەوە پارێزەراوە. لە گۆڕەپانی رۆشنبیریدا ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی رۆڵی گرنگیان گێڕاوە. محەمەد شێخۆ یەکێک لە گرنگترین هونەرمەندەکان بوو. پەیڤ، وشە، مۆسیقا و گۆرانییەکانی محەمەد شێخۆ بۆ خۆیان کەلەپور و میراتێکن. ئەوە ٣٢ ساڵە یادی دەکرێتەوە. تەنها یادکردنەوە هیچ مانایەکی نییە، چونکە یادکردنەوە، تەنها بەڕێوەبردنی مەراسیمک و پێشکەشکردنی چەند وتەیەک نییە، بەڵکو یادکردنەوە ئەوەیە، کە دەیان هونەرمەند بە بەردەوامی گۆرانییەکانی محەمەد شێخۆ بڵێنەوە و درێژە بە ریگاکەى بدەن".

حسۆ باسی ئەوەیکرد، محەمەد شێخۆ زۆر لایەنگری یەکێتیی نەتەوەیی بوو و گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیی و ئازارەکانی گەلی کورد لە گۆرانییەکانیدا رەنگی دابوویەوە، حسۆ راشیگەیاند، "ئێمەش بۆ یەکێتیی نەتەوەیی تێدەکۆشین و دەمانەوێت بە پێکهێنانی یەکیێتیی نەتەوەیی کوردان خەونی نەمریان بەدی بهێنین".

حاج حەمید شێخۆ برای محەمەد شێخۆ لە یادەکەدا سوپاسی بەشداربوانی کرد و وتی، محەمەد شێخۆ نەک تەنها بۆ بنەماڵەکەى خۆی، بەڵکو بۆ هەموو گەلی کورد خەباتی کردووە.

دوای پێشکەشکردنی وتەکان، سینەفیزیۆنێک لەبارەی ژیانی محەمەد شێخۆ نمایشکرا.

دوای ئەوەش رەمەزان ئۆمەری و سەفقان ئۆرکێش ئەندامانی یەکێتیی هونەرمەندانی هەرێمی جزیر چەند گۆرانییەکی محەمەد شیخۆیان پێشکەش کرد.

هونەرمەند محەمەد شێخۆ ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی خەجۆک لە قامیشلۆ لە دایکبووە. لە ٩ی ئاداری ١٩٨٩ لە قامیشلۆ بەهۆی جەڵتەوە گیانی لە دەستدا. محەمەد شێخۆ ١٢٠ بەرهەمی بۆ گەلی کورد بەجێهێشتوە.

ژ.ت