ناوەندی چاند و هونەری بێستون: پەتی سێدارە دەنگ و ئاوازی ئازادی کپ ناکات

ناوەندی چاند و هونەری بێستون رایگەیاند، دەسەڵاتی ئێران بەمەبەستی سەرکوت و دەمکوتی ناڕەزایەتییەکان پەنا بۆ لەسێدارەدان دەبات، بەڵام پەتی سێدارە ناتوانێت دەنگ و ئاوازی ئازادی کپ بکات.

ناوەندی چاند و هونەری بێستون لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بە سەر ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رایگەیاندووە: " بۆ کۆمەڵگا و گەلێک کەبەناسنامەی راستەقینەی خۆیەوە لە سەردەمە جیاجیاکاندا ژیاوە، زەوتکردن و نکۆڵی کردنی لەلایەن سیستمی دەسەڵاتدارە بە واتای مەرگە، هەربۆیە لەتەنیشت پەتی سێدارەوە هاوار دەکات "رەنگە بتوانی ژیانم لێبسەنیتەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانی کەرامەتم لێبستێنیت" هاواری ئازادی کە ئەمڕۆ لەسەرتاسەری ئێران بەرز دەکرێتەوە، تەنیا بۆ ئەم چەند مانگەی دوایی نییە ئەم هاوارە بە بەرزی چیاکانی زاگرۆس، دەردەبڕێت و بۆ کولتوری ریشەداری کۆمەڵگاکانی زاگرۆس دەگەڕێتەوە. هەر ئەو کولتورە ریشەدارەی کە دەوڵەت و دەسەڵاتی هێناوەتە سەرچۆک".

راگەیەندراوەکەی ناوەندی چاند و هونەری بێستونبەم جۆرەیە:

"پەتی سێدارە دەنگ و ئاوازی ئازادی کپ ناکات

لەسێدارەدان بە واتای لەداردانە و دەسەڵاتی ئێران وەک شێوازێک بۆ سەرکوت و لەناوبردنی هاوارەکانی ئاوێتەبوو لەگەڵ ئازادی سودی لێوەردەگرێت. هاوارێک کە لەناسنامە و ئیرادە دەدوێت. ناسنامەیەک کە ریشە لەم خاکە داکوتاوە و بەرەنجامی چەندین ساڵ ژیانە. ناسنامەیەک کە گوزارشتە لە مێژوو و کولتورێک.. بۆ کۆمەڵگا و گەلێک کەبەناسنامەی راستەقینەی خۆیەوە لە سەردەمە جیاجیاکاندا ژیاوە، زەوتکردن و نکۆڵی کردنی لەلایەن سیستمی دەسەڵاتدارە بە واتای مەرگە، هەربۆیە لەتەنیشت پەتی سێدارەوە هاوار دەکات "رەنگە بتوانی ژیانم لێبسەنیتەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانی کەرامەتم لێبستێنیت" هاواری ئازادی کە ئەمڕۆ لەسەرتاسەری ئێران بەرز دەکرێتەوە، تەنیا بۆ ئەم چەند مانگەی دوایی نییە ئەم هاوارە بە بەرزی چیاکانی زاگرۆس، دەردەبڕێت و بۆ کولتوری ریشەداری کۆمەڵگاکانی زاگرۆس دەگەڕێتەوە. هەر ئەو کولتورە ریشەدارەی کە دەوڵەت و دەسەڵاتی هێناوەتە سەرچۆک. هەمان ئەو کولتورەی ئەمڕۆ بووەتە هێمای سەرکەوتنی گەلان و بەتایبەتی ژنان.

گەلانی ئێران لەمڕۆدا بە تاوای خراپەکاری لەسەر زەوی بەرەوڕووی دەستدرێژی و ئەشکەنجە و دواجاریش لەسیدارەدان دەکرێنەوە، ئەو خراپەکارەی سەر زەوی کە دەوڵەت بە دزێو و بەدناو وێنای دەکات، لە پێناسەی کۆمەڵگادا وەک شەهید ناوی لێدەبرێت و دەبێتە هێمایەکی ئازادی، دەتوانین بڵێین کە پێناسەی کۆمەڵگا لە ئیرادە، کۆمەڵگا، تێکۆشان، شەهید و هتد .. زۆر جیاوازە لە یەکتر و لەمەودوا پێناسەکانی سیستمی دەوڵەت و دەسەڵات بەلای کۆمەڵگاوە هیچ بایەخێکی نابێت. بینیمان کە چۆن گەلانی کورد و بەلوچ شان بە شانی یەکتر و لە پێناو یەکتر، هاواری ئازادی بەرزدەکەنەوە. بێگومان هونەرمەندان بۆ هێنانە بەرباسی پێناسە و ئەو چەمکانەی کە راستی گەلانی کورد، بەلوچ، ئازەری، گیلەک و مازەنی و .. دەردەبرن رۆلێکی یەکجار گرنگیان هەیە، چونکە ئەرکی مێژوویی و گرنگ هونەرمەندان لەم سەردەمەدا، دەربڕینی ئەم راستیانەیە.

وەک ناوەندی چاند و هونەری بێستون یاد و بیرەوەری شەهیدانی رێگەی ئازادی بەرزرادەگرین و رایدەگەیەنین کە گەلانمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئێران، وشەی یەکجار گەورەیان لە هەمبانەی وێژەی تێکۆشانیان زیاد کردووە. ئەم وێژە و کولتورە گرنگیەکی زۆری هەیە و دەبێت هەموو کات بە زیندوویی رابگیرێت".

ناوەندی چاند و هونەری بێستون

١٧/١٢/٢٠٢٢

هـ . ب