پەژاک: کۆماری کوردستان بەردی بناغەیە بۆ فەرهەنگێکی دیمۆکراتیک

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بۆنەى ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەو یادەى لە هەموو گەلی کورد و گەلانی بندەست و چەوساوە پیرۆز کرد.

پەژاک لە راگەیاندراوەکەیدا بە بۆنەى ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد رایگەیاندووە " کۆماری کوردستان بەردی بناغەیە بۆ فەرهەنگێکێ دیمۆکڕاتیک و بە دوور لە دووبەرەکی و ناتەبایی و هەڵوەشان و گەندەڵی کە نموودی سەرکەوتووانەی لەسەر هەمان رێچکە بەڵام پوختەتر و گیرساوەتر لە رۆژئاوادا دەبینین. ئەوڕۆ دەتوانین بێژین، کە لە کۆماری کۆردستان هەتا خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا فەرهەنگێکمان داڕشت و ڕاستەقینەیەکمان بونیادنا".

پەژاک ئەوەشی راشیگەیاندووە، "بۆیەش لە ٧٥مین ساڵوەگەڕی کۆماری کۆردستان لە مەهاباد، وێڕای وبیرهێنانەوەی ئەو یادە مەزنە، بەرز و پێرۆزی رادەگرین و بە هەموو توانامان بۆ پەرەپێدانی ئەو فەرهەنگە و بەرۆژکردنی تێدەکۆشین".

ئەوەشی راگەیاندووە، "هەڵبەت لە وەها رۆژەدا بانگەوازیمان بۆ هەموو لایەن و پارتە سیاسیەکان و کەسایەتیەکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئەوەیە کە بە ئامانجی بۆنیادنانی یەکێتی نەتەوەیی و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی لەسەر بنەمای نرخە نەتەوەییەکانمان تێکۆشان بکەن و لەپێناو یەکڕیزی و تەباییدا خەباتی هاوبەش بەڕێوەبەرن".

دەقی راگەیاندراوەکەى پەژاک

کۆماری کوردستان بەردی بناغەیە بۆ فەرهەنگێکی دیمۆکراتیک

سەرەتا ساڵوەگەڕی دامەزراندنی  کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە هەموو گەلی کورد و لە هەر چوارپارچەی کوردستان و هەموو گەلانی بندەست و چەوساوە پێرۆز دەکەین.

خەباتی ئازادیخوازانە و دیمۆکڕاتیکی نەتەوەی کورد خاوەن ژێرخانێکی پتەو و تۆکمەیە و مێژووی نەتەوەییمان پڕە لە لاپەڕەی زێڕین و وانەی بە پێز، کە بوونەتە بنچینە بۆ داڕشتنی کەسایەتی کوردی ئازاد لە سەدەی بیست‌ویەکەمدا. کەسایەتییەک کە سەرەڕای هەموو هەوڵدانەکانی داگیرکەرانی هەرێمی و جیهانی بۆ داماڵین و سڕینەوەی هەبوون و شوناسی گەلەکەمان و پاکتاوکاری فەرهەنگی و جەستەیی؛ نەتەنیا مەیدانی تێکۆشانی بەرنەداوە، بەڵکوو ورە بەرزانە و گەش‌تر لە هەموو سەردەمێک ئەرکی پێشەنگایەتی گەلانی هەرێمەکەی بۆ بونیادنانی پێکەوەژیانی ئازاد و یەکسان وەئەستۆ گرتووە. کەسایەتێەک کە بازنەی پووکانەوە و مینیماڵبوونی پساندووە، بەرەو جیهانی مانای گەورەتر و گەشاوەتر و رەهەندەکانی بەرینی جوانیناسانە هەنگاو هەڵدەگرێ. کرداری نوێ دەخوڵقێنێ و بەخۆباوەڕ و هزرمەندانە بە جیهانی دەبێ. هەمووی ئەوانە پێک‌هاتن، چونکە هونەری بەرخۆدان و خۆڕاگڕی لە هەموو کوردستان و هەریمەکەدا زایەڵەی بەست. کۆماری کۆردستان لە مەهاباد بە پێشەنگایەتی نەمر قازی محەممەد هەستانەوە سەرپێی هێزێکی دیمۆکڕاتیکە کە لە ئەرکی مێژوویی و مرۆڤی خۆی تێگەیشتووە. رۆحێکی نەتەوەییە کە بە شوێن جەستەیەک‌دا دەگەڕی تا راستەقینەی کۆمەڵایەتیی خۆی تێدا نیشانبدا.

کۆماری کۆردستان ساتە‌وەختێکە لە مێژووی کورددا کە هێزی بوون و ئافراندنی هزری کورد دەرفەتی چالاک‌بوون پەیدا دەکا. وشەی دەتوانین و دەبێ لە مێشکی هەر تاکێکی کۆمەڵگادا دەچێندرێ. بە بڕوای ئێمە خاڵی گرینگ و بنەڕەتی ئەوەیە و دروست‌بوون و سازدانی فەرهەنگ لە درێژماوەدا پێک‌دێت. کۆماری کوردستان بەردی بناغەیە بۆ فەرهەنگێکێ دیمۆکڕاتیک و بە دوور لە دووبەرەکی و ناتەبایی و هەڵوەشان و گەندەڵی کە نموودی سەرکەوتووانەی لەسەر هەمان رێچکە بەڵام پوختەتر و گیرساوەتر لە رۆژئاوادا دەبینین. ئەوڕۆ دەتوانین بێژین، کە لە کۆماری کۆردستان هەتا خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا فەرهەنگێکمان داڕشت و ڕاستەقینەیەکمان بونیادنا.

بێگومان پەرەپێدانی ئەو فەرهەنگە و بەهەند وەرگرتنی ئەزموون و دەسکەوتە دیمۆکڕاتیکەکانی کۆماری کۆردستان خاوەندارێتی راستەقینەیە و ئەرکی هەموو کەس و لایەنێکە. دەبێ کە روانگەی داگیرکەرانەوە تەمەنی کۆماری کۆردستان کورت بێت. بەڵام ئەوەی کە رووخا پێکهاتەیەک بوو نەک فەرهەنگەکەی. دیارە پشکووتنی هەمان فەرهەنگ لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و پێکهاتەیەکی نوێدا ئەوەی سەڵماند کە تەمەنی کۆماری کۆردستان درێژە. بۆیەش لە ٧٥مین ساڵوەگەڕی کۆماری کۆردستان لە مەهاباد، وێڕای وبیرهێنانەوەی ئەو یادە مەزنە، بەرز و پێرۆزی رادەگرین و بە هەموو توانامان بۆ پەرەپێدانی ئەو فەرهەنگە و بەرۆژکردنی تێدەکۆشین. هەڵبەت لە وەها رۆژەدا بانگەوازیمان بۆ هەموو لایەن و پارتە سیاسیەکان و کەسایەتیەکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئەوەیە کە بە ئامانجی بۆنیادنانی یەکێتی نەتەوەیی و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی لەسەر بنەمای نرخە نەتەوەییەکانمان تێکۆشان بکەن و لەپێناو یەکڕیزی و تەباییدا خەباتی هاوبەش بەڕێوەبەرن.

لە کۆتاییدا جارێکی‌تر ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کۆردستان لە هەموو گەلەکەمان، بنەماڵەی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و وڵاتپارێزان پیرۆزدەکەین.

ژ.ت