رەمزی موزیکی فۆلکلۆری گەرمیان و کۆڵەکەیەکی ھونەری کوردی لە کەرکوک؛ سەڵاح داودە

سەڵا داودە، یەکێک بوو لەو دەنگە ڕەسەنانە، کەزیاتر لە ٥٠ ساڵ خزمەتی ھونەر و مەقاماتی کوردیی کرد.

رەمز و سیبمولی ھونەری فۆلکلۆری گەرمیانە، بە بنەماڵە مەقامبێژ و موزیکژەنن و ئێستاش نەوەکانی دوای خۆی درێژەپێدەری ڕێبازی ھونەریی باوکیانن.

مامۆستایەکی ھونەری کوردی بوو لەشاری کەرکوک، جگە لەوەی مەقامبێژێکی دەنگخۆش بوو، ھاوکات باڵەبان و زوڕنا و شمشاڵ ژەنێکی کارامە بوو. کاسێتەکانی لە رۆژھەڵاتی کوردستان حەشری دەکرد و ھونەرمەندانیش تامەزرۆی گۆرانیەکانی بوون.   کەرکوکیەکان زۆر حەزیان لە دەنگ و ئاوازەکانی ھەیە. بەتایبەت گۆرانییەکانی  "ئامۆزا گیان  و حەبێ خان و خانزادەخان"  لەگەڵ دەنگی دەھۆڵ و زووڕنا .

چوونی بۆ رادیۆی بەغدا و سەرەتای ناوبانگ

لەپەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، گۆرانیبێژێکی دەنگ زوڵاڵ ھاتە گۆڕەپانی ھونەرەوە و بڕێ گۆرانی و مەقامی لە ڕادیۆی کوردی بەغدا تۆمار کرد. لەو سەردەمە گۆرانییەکانی کەوتە سەر زاری گەورە و بچووک، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ ھەر لەسەرەتاوە جێگای خۆی کردووەتەوە لەناخی نەتەوەکەیدا.

لەدوای عەلی مەردان و حوسێن عەلی، داودە ناسراوترین ھونەرمەندە لە خوێندنی "مەقامی ئەڵاوەیسی".  ھاوشانی ھونەرمەندانی ئەو رۆژگارە خزمەتی مەقام و گۆرانیی کوردی کرد.

بە بنەماڵە مەقامبێژ و موزیکژەنن

سەڵاح داودە ھونەرمەندێکی میللی بواری گۆرانی و مەقامی کوردیی دەڤەری گەرمیانە.  ساڵی ١٩٤١ لە شارەدێی "قەرەحەسەن"ی سەر بە کەرکوک لە دایکبووە. ھەر لە منداڵییەوە لەگەڵ باوکی ھاموشۆی زۆر جێگەی کردووە و لە کۆڕ و مەجلیسی گۆرانبێژەکاندا دانیشتوە و گوێبیستی گۆرانییەکانیان بووە.

سەڵاح داودە بەستە و مەقام و دەھۆڵ و زوڕنایان بە میرات بۆ ماوەتەوە. نەوە لەدوای نەوە ھونەرمەند بوون و لەلایەکی تریشەوە ئەم ھونەرە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان بووە. بە بنەماڵە ھونەرمەند و مەقامبێژ بوون. خۆی و محەمەدی باوکی و خدر بارام چاوەشی باپیری، کە ئەمەی دواییان عەلی مەردانی فێری مەقاماتی کوردی کردووە. ئەویش لەو ژینگەیە پەروەردەبوو و ھەر لەوێشەوە عەشقەکەی بۆ ھونەر چەکەرەی کردووە.

بۆ فێربونی ھونەری موزیک ومەقام کاریگەرییەکی زۆری باوکی لەسەر بووە،  ئەم ھونەرمەندە لەچاوپێکەوتنێکدا دەڵێ "ھەندێ جار زۆر شەرمم دەکرد. باوکم پێی دەگوتم کوڕم شەرم مەکە گۆرانی و مەقام گوتن پشتاوپشت بۆ ئێمە ماوەتەوە و ئەمە ئیش و کارمانە".

سەڵاح داودە جگە لەوەی مەقامبێژێکی دەنگخۆش بوو، ھاوکات باڵەبان و زوڕنا و شمشاڵ ژەنێکی کارامە بوو. لەسەر فێربوونی ئامێرەکانی موزیکیش دەڵێت، "لای خۆمان کەسێک بیویستایە فێری نەی و زوڕنا بێت، دەبوایە نزیکەی دە ساڵ ئەم دەرسەی خوێندبا، ئینجا دەبووە نەی ژەنێکی باش".

لەسەرەتای تەمەنی گەنجیەوە، کە دەکاتە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاکان، لە نێو شایی و زەماوەندەکاندا بە دەھۆڵ و زوڕنا و باڵەبان ژەنین و ھەروەھا بە دەنگە بەسۆزەکەی، کۆڕی ئاھەنگ و ھەڵپەڕکێی گەرم کردووە، ئەگەرچی ھونەرمەندێکی ئەکادیمی نەبوو واتە نۆتەی مۆسیقای نەدەزانی، بەڵام گوێیەکی مۆسیقی ھەبوو، ئەگەر یەکێ لە موزیکژەنەکان مۆسیقایەکی نەشازێکی لێبدایە دەیزانی.

سەڵاح داودە: "گۆرانیبێژەکانی ئەمڕۆ خۆیان لە گوتنی مەقام نادەن"

سەڵاح داودە عەشقێکی فرەگەورەی بەرامبەر بە گۆرانی مەقام ھەبوو،  لە خوێندنی مەقامە کوردییەکانی گەرمیان (قەتار، خاوکەر، ئەڵاوەیسی، ئای ئای، خورشیدی) وەستا بوو، مەگەر مامۆستا عەلی مەردان بە ئەندازەی سەڵاح داودە ئای ئای و ئەڵاوەیسی و قەتار و خاوکەری بە وەستایی وتبێ.

شارەزاییەکی باشی مەقامە ڕۆژھەڵاتییەکان  بوو و مەقامەکانی وەک "بـەیـات، حیجاز، سـەبا، سـێگـا، ڕاسـت، چوارگا، نەھاوەند، ئـورفـە" بەباشی خوێندووە.

سەڵاح داودە شارەزای مەقامی (ھومایۆن) بوو، کە مەقامێکی ئێرانییە و بە فارسی خوێندوویەتی. ھەروەھا شارەزای مەقاماتی عەرەبی بوو، بە تایبەت لاسایی (داخل حەسەن)ی دەکردەوە.

سەڵاح داودە لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ: "مامۆستا عەلی مەردان لەسەر دەستی باپیرم فێری ئوسوڵی مەقام بووە".

پێشیوابوو "زۆرینەی مەقامە کوردییەکان ھی ناوچەی گەرمیانن وەک ئەڵاوەیسی، یار غەزال، خورشیدی، قەتار و خاوکەر ، ئای ئای، ئەمانەش ھەموویان مەقامی ڕەسەنی کوردین". 

بەڵام ئەوەی سەڵاح داودەی نیگەران کردبوو  و لەزۆر لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەریبڕیوە ئەمەبوو کە "گۆرانیبێژەکانی ئەمڕۆ خۆیان لە گوتنی مەقام نادەن".

ھەر ئەمەشە وای لە سەڵاح داودە کردووە، کە سەرجەم کوڕ و نەوەکانی ئاشنای ھونەری مەقامی گەرمیانی بکات بۆ ئەوەی لە دوای مردنیشی پەرە بەم ھونەرە بدەن و کوڕەکانیشی تا ئێستا ڕێبازی باوکیان ون نەکردووە و درێژەییان داوە بەو کاروانە ھونەرییە.

کاسێتەکانی لەرۆژھەڵاتی کوردستان حەشری دەکرد

دەنگی سەڵاح داودە ھەر لە سنووری کەرکوک و باشووری کوردستان قەتیسی نەخواردووە، بەڵکو خاوەن گوێگرێکی زۆرە لە ڕۆژھەڵاتی کورستان. وەک ھونەرمەند ناسری رەزازی دەڵێت: "لە حەفتاکاندا کاسێتێکی سەڵاح داودە ھاتە لامان ھەرایەکی گەورەی کرد، لە ھەر دوکان و بازاڕ و ماڵ و سەیارە و پاس و تەکسی لە ھەموو جێگەیەک حەشری دەکرد".

عەزیز شارۆخی: " تەواوی گۆرانیەکانیشی حەسەن زیرەک گوتوونییەوە"

چەند ھونەرمەندی تر لەو بەستە گۆرانییانەدا لاساییان کردووەتەوە. ھونەرمەند عەزیز شاروخی: "کابرایەکی ھونەرمەندی وەک سەڵاح داودە کە دەنگێکی بێوێنە بوو، زۆر بە نامرادی مرد، تەواوی گۆرانیەکانیشی حەسەن زیرەک گوتوونییەوە. ڕۆژێکی لە کن من دەگریا، جا من یەکەم جار ئەو گۆرانییانەم فەقەت لە سەڵاح داودە بیستووە. دوایی لە حەسەن زیرەک-م بیست، "ئەو مەریەمەی چاوی جوانە" ، "ھاتە شۆخ-خانزادەخان" ھەمووی لە پێشدا سەلاح داودە گوتونی، بەڵام بەداخەوە زۆر ناکامی مرد".

کامکاران و گروپی شەمس کاتێ داودەیان بینی چیانکرد؟

لە فێستیڤاڵی "کوردستان بۆمیوزیک وگۆرانی کوردی" ، کە لە ١٤/١٢/٢٠٠٤ لە شاری ھەولێری پایتەخت ساز کرا و ھونەرمەندانی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستانەوە ھاتبوون. لەوانە گروپی کامکاران وگروپی شەمس و گروپی عەندەلیبیەکان، ئەم گروپانە بەناوبانگترین گروپی موزیکی کوردین لە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە ھاتبونە باشور.

 ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو بەلای ئامادەبوانەوە ئەوەبوو، ھونەرمەند بێژەن کامکار کە زۆربەی ھونەرمەندانی ئامادەبووان بە ئاواتەوە بوون لەگەڵێدا بدوێن و وێنەی لەگەڵدا بگرن کەچی ئەو بەشەوقەوە چووە خزمەتی ھونەرمەند سەڵاح داودە و لە پاش ماچکردنی ناو دەمی داوای لێکرد وێنەی لەتەکدا بگرێ، ھونەرمەندانی ھەر دوو گروپی شەمس و کامکاران بە رێزەوە وەستابوون و بەنۆرە وێنەیان لەتەکدا دەگرت.

بۆ کڕینی کاسێتی سەڵاح داودە لەتارانەوە چوە سنە

سەرۆکی گروپی عەندەلیبیەکان لە پێش ھەموو ھونەرمەندەکاندا پێی وت: "بڕوات ھەبێ دەمێک بوو بە دوای گۆرانییەکانی تۆدا دەگەڕام، تا ناچار بووم لە تارانەوە سەدان کیلۆمەتر ببڕم و بچمە شاری سنە و کاسێتێکی بەڕێزتان بەدەست بێنم".

یەکەم تیپی ھونەریی میللی کوردی لە کەرکوک پێکھێنا

لە کۆتایی ساڵانی شەستەکان ھونەرمەند سەڵاح داودە، بەھاوکاریی ئەم ھونەرمەندە ژەنیارانە فایەق داودە و ئەحمەد داودە و نەوزادی کوڕی، تیپێکی میللی کوردییان پێکھێنابوو. موزیکی گۆرانییەکانیشیان تەنیا بە باڵەبان و تەپڵێک بەرجەستە دەکرد، بەڵام لە ئاستێکی ھونەری میللی باڵادا دەکەوتنە بەچاو و گوێ، ئەم گۆرانیانەی لە تەلەفزیۆنی کەرکوک بە ڕەش و سپی تۆمارکرد: کوێستانان خاڵ خاڵ، رێبوار و رێبوار، راوەستاوە لەو بانە، بەمەش بوونە یەکەم تیپی ھونەریی میللی کوردی گۆرانی لە تەلەفزیۆنی کەرکوک تۆمار کرد.

لە ساڵانی شەستەکان لەشاری سلێمانی و بەھاوکاری یەکێ لە تۆمارگەکان، بەناوبانگترین کاسێتی خۆی تۆمار دەکات. بە ھاوکاریی ھونەرمەندانی موزیکژەن ئەحمەد داودە و نەوزادی ئەحمەد داودە و فایەق داودە بە (نەی و باڵەبان و زەڕب)، کە بریتییە لە گۆرانی راوەستاوە لەو بانە و خانزادەخان و نایلۆنە و جەمیلە و شەدەلار و رێبوار و خرینگە خرینگە و....تاد تۆمارکرد.

شارەزایی قۆریات و ھونەری تورکمانی بوو

سەڵاح داودە جگە لە گۆرانی کوردی، شارەزایی قۆریات و بەستەی تورکمانی بوو، کە لە ئاھەنگ و ئەکلەنجەکان دا ئەیوت. لەنێو خەڵکی تورکمانیشدا گوێگر و ھەوداری زۆری ھەبوو. چەندین ئاھەنگی لەگەڵ ھونەرمەندانی ناسراوی کەرکوک ساز داوە،  بەتایبەتی لەگەڵ  ھونەرمەند ھـابـە چەندین گۆرانی و بەستەی کوردی و تورکمانیان وتووە .

بەناوبانگترین گۆرانیەکانی، خاوەنی نزیکەی ١٠٠ گۆرانیی تۆمار کراوە

سەڵاح داودە لەگەڵ چەندین ھونەرمەند ئاھەنگی سازکردووە لەوانە (حوسێن عەلی، ئەحمەد شەماڵ، ھـابــە، سابیر کوردستانی، شوکر خەیات، ئیسماعیل تەرزی). لە ھونەرمەندەکانیش حەزی بە دەنگی محەمەد عارف جەزراوی بوو.

سەڵاح داودە خاوەنی نزیکەی ١٠٠ گۆرانیی تۆمار کراوە.  ناوی بەشێک لە ئاواز و گۆرانییەکانی ئەمانەن (ھاتەوە خانزادە خان، ئامۆزا گیان، ڕێزە بە ڕێزە گیانە، یار وەرەوە، ھەی وەی زارا، ئەی خودا لەم ئاگر بارانە، ھەی شەمێ، دانە دانە، ھەی وەگرد ئامۆزا وەگرد، ئەملان و ئەو لانتکەم، یار زەینەب،  بەستەی باوانم، ڕاستەی خیابان، و نایلۆنە ، جەمیلە ، شەدەلار ، خرینگە خرینگە، کوێستانان خاڵ خاڵ، ڕێبوار و رێبوار، ھەوارە ، شیرێنێ و شەمامە).

لەساڵی ٢٠٠٥ بەھاوکاریی گروپی میوزیکی کورد لە سلێمانی، دواھەمین کاسێتی تۆمار کرد بەناوی (سۆزی گەرمیان) و ئەم گۆرانیانەی لە خۆ گرتووە "ئامۆزا گیان، خانزادەخان، یاروەرەوە، لەبیاوە، قەتار، بەھارەن حەبیبەخان، رێزە بە رێزە، شیرێنێ و شەمامە".

ھونەرمەندانی ھاوسەردەمی وەکو ڕەخنەیەکی ھونەری، کە لێی بگرن ئەوەیە، سەڵاح داودە  کە دەنگێکی خۆشی ھەبو، بۆ خۆی لە ھونەرمەندانی ئاوازدانەوە نزیک نەکردەوە و لەگەڵ تیپێکی باشدا بەرھەمەکانی تۆمار نەکردووە، بۆیە تا ڕادەیەک لەناو بازنەیەکی تەسکدا بۆ خۆی مایەوە.

ھونەرێکی دەوڵەمەند و ژیانێکی ھەژارانە، باجی کوردنیشی دا

سەڵاح داودە تەواوی ژیانی بە نەبوونی و ھەژاری بەسەربرد، تا مردیش ھەر کرێچی بوو.

ئەو ھونەرمەندە سەرەڕای دەستکورتی و ھەژاری، بەڵام ئامادە نەبوو گۆرانی بەباڵای رژێمەکەی سەدام و و سرودی حەماسی بۆ جەنگی عێراق - ئێران بڵێت. وەک ئەوەی زۆرێک لە ھونەرمەندەکانی ئەو سەردەمە کردیان.

چەندین جار لە کەرکوکدا ڕاویان ناوە و بەناوی تەرحیلەوە ئاوارەیان کردووە و "ڕزگار"ی کوڕیشیان بەبێ تاوان گوللـە باران کردووە. ئەمە تەنیا لەبەر ئەوەی کوردە و دڵسۆزی نەتەوەکەیەتی و خزمەتی ھونەر دەکات، بەڵام سەڵاح داودە ورەی بەرز بووە و شارەکەی بەلاوە ئازیز بوو، ھەمیشە دزەی بۆ کردووە و خۆی خزاندووەتە کەرکوکەوە.

ئەو خەمی گەورەی پەیداکردنی بژێوی ژیان بوو بۆ منداڵەکانی، ئەرشیڤێکی زۆری ھەیە توانای کۆکردنەوەی بەرھەمەکانی نەبوو، کە لە سەروی ١٠٠ سەد بەرھەم دەبن.

سەڵاح داودە بۆ بژێوی ژیانی زۆرجار دەچووە ئاھەنگەکانی شایی و بوک گواستنەوە، دەھۆڵ و زورنا و باڵەبانەکەی و داودە دەنگ و سەدای داودە و بەستەی گەرمیانی  دەبۆوە ھۆی دڵشادی ئامادەبوان.

لە دیوەخانی گەلێ ناودار و پیاو ماقوڵی کورددا لە دەڤەری گەرمیان مەقامی خوێندووە لە وانە: "مەدحەت ئاغای داودە، جەمال ئاغای کاکەیی، یونس ئاغای داودە، کەریم ئاغای ھەمەوەند لە چەمچەماڵ".

چەند ساتێک پێش مردنی مەقامی ووت

لە ٨ـ٥ـ٢٠٠٩ لە یەکەمین ساڵیادی دامەزراندی ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام، ئاھەنگێکی گۆرانی و مۆسیقا لە کەرکوک ساز کرا، لەو ئاھەنگەدا سەڵاح داودە "مەقامی قەتار و خاوکەر" و بەستەی" ڕاوەستاوە لەو بانەی ووت، دوای ھاتنە خوارەوەی لەسەر تەختەی شانۆ باری تەندروستی تێکچوو و بەپەلە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکوک، لە کاتژمێر ٨ی ئێوارە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

سەدای ( ڕاوەستاوە لەو بانە) و (ئامینێ نازەنینێ) و (ئامۆزا گیان) و (حەبێ خان)ـی تێدا دەنگدەداتەوە.

سەرچاوەکان:

١-           مەقام و موزیکی فۆلکلۆری کوردی.. سەڵاح داودە وەک نموونەیەک: ھەردەوێڵ کاکەیی

٢-           دەنگ و میلۆدی: وشیار ئەحمەد ئەسوەد

٣-           گۆڤاری ڕامان، ژمارە ( ٦٤ ) و (  ٨٢/٨٣  )

٤-           سەڵاح داودە و زەماوەندی گەرمیان: گۆڤاری مێرگ، ژمارە (٣٨)

٥-           چاوپێکەوتن: ١- میقداد محمد عومەر ھونەرمەندو مەقامزان، ٢- ھاشم جەباری،بێژەری تەلەفزیۆنی کەرکوک ،  ٣- عەباس سەڵاح داودە کوڕی ھونەرمەند

ژ.ت