ئامێری تێکۆشانی بەهار لە دژی نەریتی کۆمەڵگا

بەهار سلێمان ژنێکی گەنجە و دەهۆڵ دەژەنێت و لە بەرامبەر ئەو نەریتە کۆمەڵایەتییانەی دژی ژنانن تێدەکۆشێت.

بەهار سلێمان تەمەن ١٨ ساڵ کە خەڵکی گوندی برجکێ سلێمانی ناوچەی شێراوای عەفرینە، ئێستا وەک کۆچبەرێک لە کانتۆنی شەهبا دەژی. بەهار رایگەیاند، لە منداڵیەوە خولیای ئەوەی بووە لە بواری کولتور و هونەری کوردیدا خۆی بەرەوپێش ببات، "هەشت ساڵان بووم بەشداریم لە کار و چالاکی کولتوری و هونەریدا کرد. لەبەر ئەوەی دەرفەتی هاتووچۆ لە گوندەکەماندا بوونی نەبوو، بۆ ئەوەی بگەم بە ناوەندی کولتور و هونەری ناوچەی شێراوا تووشی زۆر دژواری دەبووم. زۆر جار بە پێیان دەچووم بۆ ناوەندەکە".

بەهار سلێمان ئاماژەی بەوەکرد، لە گروپەکانی هەڵپەڕکێ، گۆرانی و لە گروپی گوڵەکانی عەفریندا بەشداربوووە و بەم جۆرە درێژەی پێدا، " دوای داگیرکردنی کانتۆنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانیەوە، ناچاربووین ئەوێ جێبهێڵین. سیستمێکی جێگیری ژیانمان هەبوو، ئەوە سەرەوژێر ببوەوە. دوای ئەوەی هاتینە شەهباش تووشی دژواری بووینەوە".

بەهار سلێمان باسی لەوەکرد کە ئەو ئێستا ئەندامی گروپی شەهید هێڤای بزوتنەوەی مانگی زێرینی هەرێمی عەفرین و هەروەها وتی، "لەبەر ئەوەی لەناو بنەماڵەیەکدا خۆشەویستییەکی زۆر بۆ مۆسیقا هەیە، منیش فێری ریتم بووم. لەبەر دۆخی نائاسایی دۆزینەوەی مامۆستا دژواربوو. بە گوێرەی دەرفەتەکان خۆمان فێری ئامێرەکانی موزیک بووین. یەکەم جارلە ٨ی ئاداری ٢٠١٩ لە سەر شانۆ من دەهۆڵم ژەنی".

بەهار سلێمان باسی لەوەکرد کە ئێستا ئەو لەناوەندەکە مامۆستایەتی دەکات و ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری پێگەیاندووە، بەم جۆرە درێژەی پێدا: "بنەماڵەکەشم پشتیوانیان لە من کرد بۆ ئەوەی بتوانم کارەکانی کولتور و هونەر بەرەو پێش ببەم. بەڵام لە چاوی کۆمەڵگاوە کاتێک ژنێک دەهۆڵ دەژەنێت وەک شەرم و شورەیی دەبینرێت. بەو جۆرە لە مێشکیاندا چەسپیوە کە تەنیا پیاوان دەبێت دەهۆڵ بژەنن. گوشارێکی زۆر لەسەر من دروس بوو بۆ ئەوەی دەتسبەرداری ژەنینی دەهۆڵ ببم. ئەمە هەڵەیە و لەدژی ئەوەش تێکۆشانمان کرد. من ئەمڕۆ سەربەرزم کە ئەو هونەرەم هەڵبژاردووە".

هـ. ب