ئەو فیڵمەی لە فیستیڤاڵی فیلمی سلێمانی ڕیگری لێکرا ئێستا دەتوانن لە ئینتەرنێت دا بیبینن

فیلمی لە پێناو ئازادی، کە لە فیستیڤاڵی فیلمی نێونەتەوەیی سلێمانی ڕیگریی لێکرا ئیستا دەتوانن ڕاستەوخۆ لە ئینتەرنێت دا سەیری فیلمەکە بکەن.

فیلمی لە پێناو ئازادی، کە باس لە بەرخودانی سوور ئامەدی باکوری کوردستان دەکات، واتە باس لەشەڕ و  پێکدادانی ١٠٣ ڕۆژەی نێوان یەکینەکانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە) و سوپای تورکی داگیرکەر لە ناوچەی سووری  ئامەدی باکووری کوردستان دەکات، چیرۆک و کەسایەتییەکانی ناو فیلمەکە ڕاستەقینەن و شەڕەکە، کە بە شەڕی خەندەق ناوبانگی دەرکردووە، لە زمانی کچە کوردێک بە ناوی زیلانەوە دەگێڕدرێتەوە، کە بە دوای ھەواڵێک لە براکەی (ئاندۆک)، کە گەریلا بووە، ڕێی کەوتووەتە ئامەد و بە ھەڵکەوت بەشداری تێکھەڵچوونەکەی کردووە.

فیلمی لە پێناو ئازادیدا لەسەر سنووری باکوری کوردستان لە شاری کۆبانی لەلایەن  کۆمپانیای کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوا  بەرهەمهاتوە.  دەرهێنەر ئەرسین چەلیک کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و لە ساڵی ٢٠١٩ کارەکانی تەواو بووە لە ماوەی رابردوو لە ٣٠ وڵاتی جیهاندا  نمایشکراوە.

لە خولی پێنجەمی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی بە شێوازێکی فەرمی لەلایەن ڕێکخەرانی فیستیڤاڵەکەوە بانگهێشتکرابوو  و بەشداری لە فیستیڤاڵەکەدا کردبوو، بەڵام لە کاتی نمایشی فیستیڤاڵەکەدا لەلایەن ڕێکخرانی فیستیڤاڵەکەوە ڕێگریی لێکراو و کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، دەنگۆی ئەوە هەیە، کە بە دەستێوەردانی دەوڵەتی تورک ئەو فیلمە لە فیستیڤاڵەکە قەدەغە کرابێت و رێگری لە نمایشکردنی لە فیستیڤاڵەکەدا کرابێت.

لەسەر داوای ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان و بینەران کۆمپانیای کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوا بە شێوازێکی فەرمی بۆ ماوەی هەفتەیەک  نمایشی فیلمی لە پێناو ئازادیدا لەسەر ئینەرنێت ڕاگەیاند، ئێستا بینەران دەتوانن ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئەو لینکەوە https://vimeo.com/r/3pYk/elIxaDFDa3   تەماشای ئەو فیلمە بکەن لە کوردستان، بە ژێر نوسی کوردی سۆرانی، تورکی و عەرەبی.

شێوازی چۆنیەتی کردنەوەی فێلمەکە لە خوارەوە بە وێنە ئاماژەی پێکراوە؛

ژ.ت